نوێترین هەڵوێستی تەیف سامی لەبارەی ناردنی مووچەی هەرێم

عێراق

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 408

راچڵەكین -

وەزیری دارایی عیراق لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی سلێمانی كۆدەبێتەوەو داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات پەلە بكات لە تەوتینكردنی مووچە و رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندێك بە نوێنەرایەتی مامۆستایانی سلێمانی لە بەغدا لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق كۆبوونەوە.

وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەەكەدا گفتوگۆ لەبارەی تەوتینی مووچە كرا لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی و جەختكردنەوە لە پێویستیی هاندانی هەرێم بۆ پەلەكردن لە تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان، بۆئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، چەند پرسێكی پەیوەست بە واقعی پەروەردە لە پارێزگای سلێمانی باسكران و شاندەكەش چەند داواكارییەكی خستەڕوو بۆئەوەی لە حوكمەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی جێبەجێ بكرێن.

تەیف سامی، پەرۆشیی وەزارەتەكەی نیشاندا بۆ گرەنتیكردنی مافەكانی ستافی پەروەردە، بەوپێیەی فێركردن لە كارە لەپێشینەكانی حكومەتە لە بەرنامە چاكسازییەكەی.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن