مانچینی: هەڵەم کرد دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ڕاهێنەرایەتی کردنی ئیتاڵیا

وەرزش

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 178

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ڕۆبێرتۆ مانچینی ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، دوای دوورخستنەوەی لوسیانۆ سپالێتی، ئامادەیی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕاهێنەرایەتی کردنی ئازۆری دەربڕی و جەختیشی لەوە کردەوە کە هێشتا پەشیمانە لەو شێوازەی کە پۆستەکەی بەجێهێشتووە.

مانچینی کە سەرکردایەتی ئیتاڵیای کرد بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2020، لە مانگی ئەیلولی 2023 دەستی لەکارکێشایەوە، دواتر تەنها بۆ ماوەی چەند مانگێک وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە دەستبەکاربوو، توانی 18 یاری بەڕێوەببات پێش ئەوەی لە ئۆکتۆبەری 2024 بڕوات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت، مانچینی وتی: ئەم شتانە لە تۆپی پێدا ڕوودەدەن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە دوو سێ لەو شتانە لە ماوەیەکی کورتدا کەڵەکەبوون، ئەگەر لەو هەفتەیەدا زیاتر قسەم لەگەڵ سەرۆکی (گابریل گراڤینا) بکردایە، بۆ ئەوەی شتەکان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی ڕوویدا (دەستلەکارکێشانەوەکە) ڕووی نەدەدا.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕاستە هەستم بە هەمان ئاستی متمانە بەخۆبوون نەدەکرد وەک پێشتر، بەڵام دەبوو قسەی لەگەڵ بکەم، دەمتوانی ئەوە بکەم، ئەو هەڵەیەی کە کردم ئەوە بوو کە قسەم نەکرد، ڕەنگە هێشتا پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی سەرکەوین بۆ مۆندیال، ڕەنگە جارێکی دیکە نازناوی پاڵەوانێتی ئەوروپامان ببردایەتەوە.

سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ڕاهێنەرایەتی کردنی ئازۆری مانچیتی ڕایگەیاند، هیچ شتێک لە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی جوانتر نییە، لەگەڵ یانەکان سەرکەوتنم بەدەستهێناوە، بەڵام سەرکەوتن لەگەڵ ئیتاڵیا شتێکی تەواو جیاوازە، هەمیشە دەتەوێت بگەڕێیتەوە بۆ ئەو شوێنەی هەستت بە دڵخۆشی دەکرد، لە کۆڤێرسیانۆ (قوتابخانەی ڕاهێنەرایەتی لە ئیتاڵیا)، هەستم بە کەشوهەوای نایاب کرد، ئەزموونێکی ناوازە بوو.

بە پێکەنینەوە وتیشی: بێگومان ئەوە مەترسییە، بەڵام مەترسییەکی جوانە، هەندێک جار دەبێت مەترسی بکەیت، ڕاستە؟

لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، مانچینی چەندین جار خەونی خۆی بۆ بردنەوەی مۆندیال ڕاگەیاند، خەونێک کە هێشتا نەگەیشتووەتە دی. سەبارەت بەم بابەتە وتی: زۆرجار وتوومە کە هەڵەم کردووە، ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ کات دووبارەی ناکەمەوە، ئەوەم وتووە تەنانەت پێش ئەوەی کەس پێشبینی ئەوەی بکات چی ڕوویداوە.

مانچینی جەختی لەوە کردەوە کە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا مەحاڵ نییە و وتی، پێموانییە کێشەیەک هەبێت، پێشتر قسەمان کردووە، ئەویش دەزانێت کە هەڵە لە ژیاندا ڕوودەدات، گرنگترین شت ئەوەیە کە لە یەکتر تێبگەین، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە دواتر چی ڕوودەدات.

شایەنی باسە لە ئێستادا ڕۆژنامەکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن کە جێنارۆ گاتۆسۆ کە مۆندیالی 2006 ی لەگەڵ ئیتاڵیا وەک یاریزانێک بردەوە، کاندیدی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاهێنەرایەتی کردنی ئازۆری.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن