ژمارەی قوربانیانی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی هیندستان بەرزدەبێتەوە

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 203

راچڵەكین-

پۆلیسی هیندستان نوێترین ئاماری لەبارەی قوربانیانی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بڵاوكردەوەو رایگەیاند: 260 كەس گیانیان لەدەستداوەو یەك سەرنشینیش رزگاری بووە.

پۆلیسی هیندستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی نوێترین ئامار، تائێستا 260 كەس لەئەنجامی رووداوی كەوتنەخوارەوەو تێكشكانی فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگر لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، گیانیان لەدەستداوەو یەكێك لە سەرنشینانی فڕۆكەكەش بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر رزگاری بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-6-2025، فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری سەر بە هێڵی ئاسمانیی هیندستان، لەدوای چەند خولەكێك لە فڕینی لەفڕۆكەخانەی شاری ئەحمەد ئاباد لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بەرەو لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیا، بە 242 سەرنشینەوە كەوتەخوارەوەو بەتەواوی تێكشكا.

فڕۆكەكە لەجۆری بۆوینگ 8-787 بووەو بەهۆكارێكی تەكنیكی، كە تائێستا هۆكاری راستەقینەی رووداوەكە ئاشكرا نەكراوە، كەوتەخوارەوەو خۆی بە باڵەخانەیەكدا كێشا، كە شوێنی مانەوەی خوێندكارانی زانكۆیەك بووە.

بەپێی ئامارەكە، جگە لە گیانلەدەستدانی 241 سەرنشینی فڕۆكەكە، 19 كەسیش لەو باڵەخانەیەی كە فڕۆكەكە خۆی پێداكێشاوە، گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن