سودانی هەڵوێستی لەبارەی هێرشكردنە سەر ئێران ئاشكرا دەكات

عێراق

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 324

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق لەگەڵ هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كۆدەبێتەوەو رایدەگەیەنێت: هێرشەكەی سەر ئێران پێشێلكردنێكی زەقی یاسای نێودەوڵەتییە.

ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی، لەبەغدا پێشوازیكرد لە ستیڤن فاجن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق و جەنەڕاڵ كیفن لیهی، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لەدژی داعش.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەیەكدا، سودانی، هەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی دووپاتكردەوە كە ئەوەی لەدژی ئێران دەكرێت، پێشێلكردنێكی زەقی یاسای نێودەوڵەتییە و كردەوەیەكی تاوانكارانەیە، كە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەكات، وتیشی:" هێرشەكە لەكاتێكدایە هێشتا هەوڵە دیبلۆماسییەكان بەردەوامە، ئەمەش نەك هەر هەوڵەكانی هێوركردنەوە لاواز دەكات، بەڵكو نیازێكی بەئەنقەستیش ئاشكرا دەكات بۆ پەرەسەندن و پەلكێشكردنی ناوچەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی فراوانتر لەبری رێگری لێكردنی.

سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیشیكردەوە رێگە بە بەكارهێنانی خاكی عیراق و كایە ئاسمانییەكەی بدرێت بۆ ئەنجامدان و ئاسانكاریكردن بۆ هەر كردەوەیەكی دوژمنكارانە لەدژی هەر وڵاتێكی دراوسێی عیراق، راشیگەیاند: حكومەتی عیراق هەموو رێكارێكی یاسایی بۆ ئەو مەبەستە دەگرێتەبەر، داوا لەهەموو لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش دەكات رێز لەو بنەمایە بگرن.

سودانی بەپێویستیشی زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەنگاوی بەرپرسیارانە و راستەوخۆ بگرنەبەر بۆ قەدەغەكردنی بەكارهێنانی هێز، و كاركردن بۆ رێگریی لە كەوتنی ناوچەكە بۆناو گێژاوی توندوتیژیی.

لە بەرامبەردا هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق و فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەڵوێستی ئەمریكایان دووپاتكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك بەشداریی لە هێرشەكەی سەر ئێران نەكردووە، هاوكات پەرۆشیی وڵاتەكەشیان نیشاندا بۆ تێوەنەگلانی عیراق لە ناكۆكییەكان، ئەوەش لەسەر بنەمای رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی كە لەنێوان بەغدا و واشنتۆن واژۆكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن