فەرماندەی سوپای پاسداران: بەم نزیكانە دەرگای دۆزەخ بەڕووی ئیسرائیل دەكەینەوە

جیهان

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 296

راچڵەكین -

فەرماندەی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامێكی توندی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر خاكی وڵاتەكی دەكات و رایدەگەیەنێت: بەم نزیكانە دەرگای دۆزەخ بەڕووی ئیسرائیل دەكەینەوە.

لیوا محەمەد پاكپور، فەرماندەی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران، لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بۆ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ناردووە، تێیدا نووسیویەتی: هێرشە دوژمنكارییەكەی ئیسرائیل بەبێ وەڵام تێناپەڕێت و بەم نزیكانە دەرگای دۆزەخ بەڕوویاندا دەكەینەوە.

محەمەد پاكپور، كە لەدوای كوژرانی حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، بە فەرماندەی نوێی ئەو سوپایە دیاریكرا، راشیگەیاندووە، بەڵێن دەدەین لەگەڵ برا موجاهیدەكانمان، كار بۆ پاراستنی وڵاتەكەمان بكەین و تۆڵەی خوێنی بەناحەق ڕژاوی فەرماندەكانمان و هاووڵاتیانی مەدەنی بكەینەوە، كە لەئەنجامی هێرشە دوژمنكارییەكانی ئیسرائیل شەهید بوون. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی دەیان فڕۆكەی جەنگییەوە، هێرشێكی فراوانی كردە سەر ئێران و جگە لە بەئامانجگرتنی دەیان پێگەی سەربازی و ئەتۆمیی، ژمارەیەكی زۆر فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەشی كوشت، لەوانەش محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و چەند زانایەكی بواری ئەتۆمی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن