راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، لەئەنجامی هێرشەكانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بۆسەر ئێران، 9 زانای گەورەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە كوژراون، كە بەشداریی سەرەكییان لەهەوڵەكانی وڵاتەكەیان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی كردووە.
ئەمڕۆ شەممە 14-6-2025، ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئێران كە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئەنجامدران، 9 گەورە زانای بواری ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران، كە رۆڵی سەرەكییان لەهەوڵەكانی وڵاتەكەیان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی هەبووەو هەر یەكەیان دەیان ساڵ لەوبارە كاریان كردووە و خاوەنی ئەزموونێكی زۆر بوون.
ئەدروعی، ناوی ئەو زانا ئەتۆمییانەی ئێرانی بڵاوكردووەتەوە كە تائێستا كوژراون، ئەوانیش بریتین لە: فەریدون عەباسی، پسپۆڕی ئەندازیاری ناووكی، محەمەد مەهدی تەهرانچی، پسپۆڕی فیزیا، ئەكبەر مەتڵەب زادە، پسپۆڕی ئەندازیاری كیمیایی، سەعید بورجین، پسپۆڕی ئەندازیاری كەلوپەل، ئەمیر حەسەن فەكهی، پسپۆڕی فیزیا، ئەحمەد حەمید مەنوچەهر، پسپۆڕی فیزیای وێستگەكانی ئەتۆمی، مەنسوڕ عەسكەری، پسپۆڕی فیزیا، ئەحمەد رەزا زەلفەقاری داریانی، پسپۆڕی ئەندازیاری ناووكی، عەلی بەكایی کەریمی، زانای میكانیك.
وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل ئاشكرایكردووە، بەئامانجگرتنی ئەو زانا ئەتۆمییانەی ئێران، زەبرێكی گەورەو كاریگەری لە تواناكانی ئەو وڵاتە داوە لە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی چەكی كۆكوژ، بەو پێیەی ئەوان بەشێكی سەرەكی بوون لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.