محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق
راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن رادەسپێرێت دەستبەجێ ئەو هاووڵاتییە عیراقییانە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات كە بەهۆی داخستنی كایەی ئاسمانییەوە، لە وڵاتانی دراوسێ گیریانخواردووەو توانای گەڕانەوەیان نییە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی عیراق دەستبەجێ رێكاری پێویستی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی وڵاتانی ئوردن، كوێت و توركیا گرتەبەر، بەمەبەستی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە عیراقییانەی بەهۆی داخستنی كایەی ئاسمانی و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، لەو وڵاتانە گیریانخواردووەو ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ عیراق.
سەرۆكوەزیرانی عیراق فەرمانیشی بە وەزارەتی گواستنەوە كرد بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی حەج و عەمرە، كار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو حاجییانی عیراق بكەن كە تائێستا لە سعودیە ماونەتەوەو ناتوانن بە رێگەی ئاسمانییەوە بگەڕێنەوە.
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، حكومەتی عیراق بڕیاریدا بە داخستنی كایەی ئاسمانی و راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانیدا.