راچڵەكین-
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی كەسێكی بەتۆمەتی دزینی بڕێك پارەو ئاڵتوون لەماڵێك راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 پۆلیسی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" دوای ئەوەی هاوڵاتییەك لەنوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵای تۆماركرد كە زیاتر لە 150 ملیۆن دینارو بڕێك ئاڵتونی لەماڵەكەیدا لەیەكێك لەگەڕەكەكانی شاری سلێمانی لێ دزراوە، بڕیاری دادوەری تایبەتمەند بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبار وەرگیراو مەفرەزەكانی نوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت."
ئەوەش روونكراوەتەوە:" هەروەها دەستگیرا بەسەر تەواوی پارەو ئاڵتونە دزراوەكەدا. تۆمەتبار (س، م، أ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەكەیسەكە بەردەوامە."