راچڵەكین -
لە گرتوخانەیەكی باشووری عیراق ژمارەیەك زیندانی هەڵدێن و دوای ماوەیەك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێنەوە.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی 20-6-2025، چوار زیندانی لەكاتی گواستنەوەیان لە بەغداوە بۆ گرتوخانەی ناوەندیی پارێزگای میسان، دەرفەت وەردەگرن و هەڵدێن.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای میسان رایگەیاندووە، دوای رووداوەكە، هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتێكیان دەستپێكرد و دوای ماوەیەكی كەم، توانییان هەر چوار زیندانییە هەڵاتووەكە دەستگیر بكەنەوە.
هێزەكانی پۆلیسی میسان لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە دەستپێكردووەو گومان دەكرێت زیندانییەكان بە هاوكاریی چەند كارمەندێكی پۆلیس، توانیوانە هەڵبێن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم كارمەندانی پۆلیس كە ئەركی پاراستنی گرتوخانەی ناوەندیی میسان-یان لە ئەستۆیە، خراونەتە ژێر لێكۆڵینەوە.