راچڵەكین-
وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی، گەیشتە توركیا.
ئەمڕۆ شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 عەباس عیراقچی، لەئەستەنبوڵ-ەوە رایگەیاند:" ئەم كۆبوونەوەیە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دەستدرێژیی رژێمی زایۆنی بۆ سەر وڵاتەكەمان، داوامان كرد كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەمبارەیەوە بكرێت كە خۆشبەختانە پەسند كرا."
وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست راگەیەندراوێكی تووند و یەكلاكەرەوە بۆ سەركۆنەكردنی "ئەم دەستدرێژییە" دەربكرێت.
بڕیارە لەپەراوێزی كۆبوونەوەدا، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ رەجەب تەیب ئەرۆدغان-ی سەرۆككۆماری توركیا كۆبێتەوە.
سەردانەكەی عەباس عیراقچی بۆ توركیا، دوای كۆبوونەوەی دێت لەگەڵ ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا و كایا كالاس كە رۆژی هەیینی لە جنێف بەڕێوەچوو، تیایدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەو مەرجەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران رابوەستێت.