ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا
راچڵەكین -
سەرۆكی رووسیا هۆشداریی بە ئۆكراینا دەدات لەهەر هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی و رایدەگەیەنێت: نابێ كیێڤ بچێتە ناو هیچ هاوپەیمانییەكی سەربازیی و نازییە نوێیەكانیش لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە نەمێنن.
ڤلادیمێر پوتین، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی پترسبۆرگ، كە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەندین وڵات لەشاری سان پترسبۆرگ-ی رووسیا بەڕێوەچوو، هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئایندەی ئۆكراینا ئاشكراكرد و رایگەیاند: چارەسەری گونجاوی سیاسی بۆ قەیرانی ئۆكراینا بریتییە لە گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ بەندەكانی ساڵی 1991، كە بەهۆیەوە سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، ئەویش پابەندبوون بە بێلایەنیی و نەچوونە ناو هیچ هاوپەیمانییەكی سەربازییەوە.
سەرۆكی رووسیا وتیشی:" ئەگەر ئۆكراینا دەیەوێ وەك وڵاتێكی سەربەخۆ و ئارام بمێنێتەوە، پێویستە دەستبەرداری هەر هەوڵێك ببێت بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی و چیتر نابێ لەهیچ بارێكدا نازییە توندەڕەوەكان لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا بمێننەوە".
پوتین جەختی لەوەكردەوە كە دەسەڵاتی نوێی ئۆكراینا لەدوای دوورخستنەوەی نازییە نوێیەكان، دەبێ كار بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی بكات، نەك بەرژەوەندیی لایەنی دیكە، كە نایانەوێ كۆتایی بە قەیران و ململانێكانی ناوخۆی ئۆكراینا بێت، وتیشی:" دەبێ حكومەتی كیێڤ دان بە ئەنجامی ئەو راپرسییانە بنێت كە لە ناوچەكانی (دۆنێتسك، خیرسۆن، لۆهانسك و زاپۆرۆژیا) ئەنجامدراون و ئێستا بوونەتە بەشێك لە خاكی رووسیا".