وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
هێزەكانی توركیا لە هەڵمەتێكدا دەیان كەسیان بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە رێكخراوی تیرۆریستییەوە، دەستگیركرد كە زۆربەیان ئەفسەری سوپای توركیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 24-6-2025، میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماری لە ئیستانبوڵ و ئیزمیر لەبارەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) بەڕێوەچوو، 158 گومانلێكراو دەستگیركران كە لە نێویاندا ژمارەیەك ئەفسەر و سەرباز هەن هێشتا لەسەركارن.
دەستگیركراوەكان، تۆمەتی ئەندامبوویان لە ڕێكخراوی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) دراوەتەپاڵ، كە بەپێی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماری لە ئیستانبوڵ، ئەو رێكخراوە گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆریستییە، كە هەڕەشە لە شیرازەی دەستووریی و مانەوەی دەوڵەت دەكات.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لە ئەنجامی كاری هاوبەشی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی و سەرۆكایەتی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس، تا ئێستا هەزار و 918 ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراوە بۆ سەر ئەو ئەفسەر و سەربازە گومانلێكراوانەی دیكە كە بەهۆی هەوڵی كودەتا، یان ئەندامیەتییان لە ڕێكخراوی تیرۆریستی، هیچ ڕێكارێكی یاساییان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر، لەو چوارچێوەیەشدا 28 هەزار و 262 گومانلێكراو دەستنیشانكراون، لەوانەیش 25 هەزار و 869 كەسیان دەستگیركراون.
بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، زۆربەی دەستگیركراوەكان لەهەردوو شاری ئیستانبوڵ و ئیزمیر، ئەفسەری سوپای ئەو وڵاتەن بە پلەكانی عەقید، موقەدەمی دووەم، ڕائید، نەقیب، مولازم و عەریف، كە پێشتر فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە، ئاماژە بەوەشكراوە، هەڵمەتەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی گومانلێكراوانی دیكە، بەردەوامە.