پوتین هۆشداریی بە رۆژئاوا دەدات

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 293

راچڵەكین -

سەرۆكی رووسیا هۆشداریی بە وڵاتانی رۆژئاوا دەدات و رایدەگەیەنێت: هەرچەندە هەرگیز بەشێوازێكی دوژمنكارانە هەڵسوكەوت لەگەڵ رۆژئاوا ناكەین، بەڵام هەموو تەڵەكەبازییەكانیان پووچەڵدەكەینەوە.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئۆكراینا و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی ئاشكراكرد و رایگەیاند: ئامادەین دانوستان بكەین بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی و كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئۆكراینا، بەڵام تائێستا كات و شوێنی گەڕێكی دیكەی دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتە دیاری نەكراوە.

وتیشی:" رووسیا هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیریدایە، تیمە دیپلۆماسییەكانیشمان پەیوەندییەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن و بگەینە رێككەوتنی ئاشتی".

پوتین، ئامادەی وڵاتەكەشی نیشاندا بۆ رادەستكردنی تەرمی سێ هەزار سەربازی دیكەی ئۆكراینا، كە لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون، راشیگەیاند: ئامانجە سەربازییەكانمان لە ئۆكراینا دەپێكین و بەپێی ئەو پلانە بەڕێوەدەچێت كە پێشتر نەخشەی بۆ كێشراوە.

لەبارەی پەیوەندییەكانی رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا، سەرۆكی رووسیا جەختی لەوەكردەوە كە مۆسكۆ هەرگیز بەشێوازێكی دوژمنكارانە هەڵسوكەوت لەگەڵ رۆژئاوا ناكات، وتی:" بەڵام رووسیا هەموو تەڵەكەبازییەكانی رۆژئاوا پووچەڵدەكاتەوەو وەڵامیشمان بۆ ئەو گەمارۆ و سزایانە دەبێت كە خراوەتە سەرمان.

پوتین ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و ئەمریكا كرد و ئاشكرایكرد كە دۆناڵد ترەمپ بە راستگۆیانە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی ئۆكراینا دەدات و خواستیشی دەربڕیوە بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن و گەڕانەوەی كۆمپانیاكانی ئەمریكا بۆ بازاڕی ناوخۆی رووسیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن