میلان جێگرەوەی تیۆ هێرناندێز دیاری دەکات

وەرزش

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 177

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

یاریزانە لاوەکەی چەپی جێنەوا، هۆنێست ئاهانۆر، بووەتە زۆرترین باس لە بازاڕی گواستنەوەکانی ئیتاڵیا، بەتایبەتی لەنێو ئەو یانانەی کە دەیانەوێت بژاردەی بەرگری چەپیان بەهێز بکەن.

ئەو یاریزانە لەدایکبووی ساڵی 2008ە، بە ئاستە نایابەکانی لەم دواییانەدا، بووەتە ئامانجێکی هاوبەشی هەردوو یانەی میلان و ئەتالانتا، لە شەڕێکدا کە پێناچێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.

میلان یەکەم یانە بوو بۆ گواستنەوەی ئاهانۆر، بەتایبەت دوای ئەوەی دەرگا بۆ ڕۆیشتنی ئەستێرەی فەرەنسی تیۆ هێرناندێز کرایەوە.

میلان لە ئێستاوە دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای بازاڕدا بۆ دۆزینەوەی یاریزانێکی باڵی نوێ کە توانای ئەوەی هەبێت لە داهاتوودا جێگەی تیۆ بگرێتەوە، هەروەها لە ئاهانۆر ئەو سیفەتانەی دۆزیوەتەوە کە بەدوایدا دەگەڕێن لەڕووی توانا جەستەیی و تەکنیکییەکانەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاتالانتا لەم هەفتەیەدا کەوتە کێبڕکێی گواستنەوەی ئاهانۆرەوە، دوای ئەوەی بە فەرمی گواستنەوەی ماتیۆ ڕوگێری بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید تەواو کرد.

کارگێڕی یانەی ئاتالانتا کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی جێنەوا ئەنجامدا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تەکنیکی بە سەرۆکایەتی ئیڤان یوریچ ڕاهێنەر، کە تیشک دەخاتە سەر هێنانی یاریزانی لاو بۆ ڕیزی یانەکە.

ئاهانۆر بەرهەمی ئەکادیمیای جێنەوایە و لەم وەرزەدا خۆی بۆ تیپی یەکەم سەرخست و لە ژێر دەستی ئەلبێرتۆ جیلاردینۆ و ڤیێرا ڕاهێنەران شەش یاری ئەنجامداوە و یەک ئەسیستیشی پێشکەش کردووە.

بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی و گەشەسەندنی خێرا، فرۆشتنەکەی دەبێتە قازانجێکی دارایی بەرچاو بۆ گەنجینەی یانەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری یانەکە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن