راچڵەكین -
لەناوچەیەكی باكووری رۆژئاوای پاكستان هێرشێكی خۆكوژی كرایەسەر كاروانێكی سوپای ئەو وڵاتە و لەئەنجامدا 13 سەرباز كوژران و نزیكەی 30 كەسی دیكەش بریندار بوون.
میدیاكانی پاكستان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 28-6-2025، لەناوچەی وەزیرستان-ی باكووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، كە نزیك سنووری ئەفغانستانە، كاروانێكی سوپای پاكستان دووچاری هێرشێكی خۆكوژی بووەوە و بەپێی ئامارەكانیش، 13 سەرباز كوژران و 29 كەسی دیكەش بریندار بوون، كە ژمارەیەك لە بریندارەكان هاووڵاتی مەدەنین.
لەدوای رووداوەكە، گروپێكی چەكداری سەر بە بزوتەوەی تاڵیبانی پاكستان، بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی كردەوە خۆكوژییەكە راگەیاند.
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا و لەدوای هاتنەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆسەر حوكم لە ئەفغانستان، تائێستا دەیان هێرشی چەكداری لەناوچە سنوورییەكانی نێوان پاكستان و ئەفغانستان، لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە كراوەتە سەر پاكستان.