ڕاچڵەکین سپۆرت -
مارک ئاندرێ تێر شتیگن گۆڵپارێزی ئەڵمانی و یانەی بەرشەلۆنە، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستای ئۆفەری یانەی مۆناکۆی فەرەنسی ڕەتکردەوە.
یانە فەرەنسییەکە هەوڵێکی جددی دا بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی بە گرێبەستکردن لەگەڵ تێر شتیگن، گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە دوای ئەوەی یانەکەی گرێبەستی لەگەڵ خوان گارسیا و نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤۆیچیچ چیزنی لەگەڵ ڕاگەیاند ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە.
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی دووپاتی کردەوە کە تێر شتیگن بە مۆناکۆی وتووە "نا" و پێداگری لەسەر مانەوەی لە یانەی بەرشەلۆنە کردوە سەرەڕای ئەوەی دەزانێت ئەو نابێتە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی یەکەمی هانسی فلیک.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مۆناکۆ لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بە شێوەیەکی شەخسی پەیوەندی بە تێر شتیگنەوە کردووە، بەڵام وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی وەرگرتووە، ئەمەش پلانی یانەی مۆناکۆی تێکداوە بۆ پشتبەستن بە ئەزموونی گۆڵپارێزەکە لە چامپیۆنزلیگ.
تێر شتیگن تا مانگی حوزەیرانی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە هەیە و نزیکەی 11 ساڵە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەدایە، یانەکە پێشوازی لە بیرۆکەی ڕۆیشتنی دەکات بۆ ئەوەی پۆستی گۆڵپارێز بەبێ ئەو مسۆگەر بکات.