راچڵەكین -
سوپای ئۆكراینا بە درۆن هێرشی كردە سەر شارێكی رووسیا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانیش، سێ كەس كوژران و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.
میدیاكاین رووسیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 1-7-2025، سوپای ئۆكراینا بە درۆن هێرشێكی ئاسمانیی كردە سەر كۆماری ئودمورتیا، یەیكَك لە كۆمارەكانی رووسیای فیدراڵ، كە دەكەوێتە هەزار و 239 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی مۆسكۆی پایتەخت.
هێرشەكە یەكێك لە دامەزراوە گرنگەكانی شاری ئیجیفسك-ی پایتەختی ئودمورتیای كردە ئامانج و بەهۆیەوە لانی كەم سێ كەس گیانیان لەدەستدا و 35 كەسی دیكەش بریندار بوون، كە ژمارەیەك لە بریندارەكان برینەكانیان سەختە.
ئەمە یەكەم جارە سوپای ئۆكراینا هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر ناوچەیەكی ناوەڕاستی رووسیا و ئەو ژمارە قوربانییەی لێبكەوێتەوە.
تائێستاش لایەنە فەرمییەكانی رووسیا هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ئەو دامەزراوەیە ئاشكرا نەكردووە، كە هێرشە ئاسمانییەكەی كراوەتە سەر.