راچڵەكین -
هەفتەی داهاتووی دەست بە دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون لەسنووری شارەوانییەكانی هەولێر دەكرێت، بەڕێوەبەری شارەوانییەكانیش رایدەگەیەنێت: 42 هەزار كەس بڕیاری وەرگرتنی زەوییان هەیە.
مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی فەرمانبەرا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كە شارەوانیی هەموو قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، 42 هەزار فەرمانبەر رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەیە و ناوەكانیان گەڕاوەتەوە بۆ شارەوانییەكان، لەوانەیە ناوی دیكەش هێشتا تەواو نەكرابێت و دوای وەرگرتنی رەزامەندی بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر وتیشی:" ئێمە زەویمان لە سنووری 18 شارەوانی ئامادە كردووەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران بكرێت، هەموو فەرمانبەرێك كە رەزامەندیی حكوومەتی هەبێت، سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی پارچەیەك زەوی".
مەریوان حاكم هادی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو زەویانەی دابەش دەكرێن، كارتی زانیاری كراوەتە بنەما بۆ ئەوەی هەر كەسە و لە شوێنی خۆی سوودمەند بێت لە وەرگرتنی زەوی، لەبەر ئەوەش كارتی زانیاریی فەرمانبەرەكە لەكوێ بێت، هەر لەو سنوورە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت.
دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەرانی حكومەت، لەدوای بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم شارەوانییەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان راسپێردران بۆ تەرخانكردنی زەویی پێویست بەمەبەستی دابەشكردنیان بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە تائێستا لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون، سوودمەند نەبوون.