ئەردۆغان هەڵوێستی لەبارەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرا دەكات

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 523

راچڵەكین -

سەرۆككۆماری توركیا لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: وەزیرە پەیوەندارەكان رادەسپێرم بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی.

ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كۆبوونەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی شاندەكە، رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا جەختمكردەوە لەوەی سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد، سیاسەتی لەمێژینەی مام جەلال-ە.

كاروان یاروەیس وتیشی:" داواكاری خەڵكی سلێمانیمان گەیاند سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەردۆغان رایگەیاند وەزیرە پەیوەندارەكان و تیمەكەی رادەسپێرێت بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەڵسەنگاندنی خۆیان بدەن بەمن".

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند: بەلای ئێمەوە گرنگە هەردوولا كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

بەوتەی كاروان یاروەیس، سەبارەت بەكێشەی ئاو و وشكەساڵی، ئەردۆغان بڕیاریدا سەرلەبەیانی سبەینێ چوارشەممە، بڕی 420 مەتر سێجا ئاو لە چركەیەكدا (320 لە جلە و 100 لە فورات) بۆ عیراق بەربدەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن