ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر بەندەرەكانی یەمەن

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 203

وێنە.. ئەرشیف

راچڵەكین -

سوپای ئیسرائیل ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەو فراوان بۆسەر بەندەرەكانی یەمەن دەكات، داواش لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەكات بەزووترین كات لەناوچەكانی نزیك بەندەرەكان و دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا، دووربكەونەوە بۆئەوەی نەبنە ئامانجی هێرش و بۆردومانەكانیان.

ئەمشەو 6-7-2025، ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێكی بەپەلەی ئاڕاستەی هاووڵاتیانی یەمەن كرد و داوای لێكردن بەزووترین كات لە ناوچەكانی نزیك هەرسێ بەندەری راس عیسا، حودەیدە، سڵێف و دەوروبەری هەردوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای حودەیدە و راس خەتیب، دووربكەونەوە، چونكە لە نزیكترین كاتدا هێرشیان دەكرێتەسەر و بۆردومان دەكرێن.

ئەدروعی رایگەیاندووە، حوسییەكانی یەمەن ئەو سێ بەندەرەی كە دەكەوێتە كەناراوەكانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، بۆ كردەوە تیرۆریستییەكانیان بەكاردەهێنن، هەربۆیە دەبنە ئامانجی هێزەكانی سوپای ئیسرائیل.

پەیامەكەی وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل وەك پلانێكی پێشوەختە دێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەی ئاسمانی بۆسەر بەندەرەكانی یەمەن، كە لەماوەكانی رابردوودا لەگەڵ سوپای ئەمریكا چەندین هێرشی هاوشێوەیان بۆسەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوەو جگە لە زیانێكی زۆری دارایی كە بەر ژێرخانی ئەو بەندەرانە گەیشت، سەدان كەسیش كوژران و بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن