راچڵەكین-
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت:" هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێك بۆ چارەسەری هەمیشەیی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم."
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەمووزی 2025 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەكە لە ستیڤن بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا و فواد خازر ئەلمەجالی، كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوكا، كونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
وەك میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، لە هەر سێ كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی هەرێم، روونیكردەوە "بەدیلی رێككەوتن هەر رێككەوتنە."
سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەكە و بە تایبەت پرۆسەی ئاشتی لە توركیا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە شەڕ و بارگرژییەكانی ئەم دوایانە، هیوای خواست كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنەكانی ناوچەكە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بە ئاراستەی هێوركردنەوەی بارگرژییەكان و سەقامگیرتركردنی ناوچەكە، چونكە دواجار سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەكەدایە و لە دۆخی ناسەقامگیریدا هەمووان زەرەرمەند دەبن.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیاش، جێگری سەرۆكوەزیران جەختی كردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیكردن لە پرۆسەكە و راشیگەیاند:" لە هەر شوێنێك پێویست بكات هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەر چەشنە هاوكاری و هەماهەنگییەك بۆ سەرخستنی پرۆسەكە".