سلێمانی.. تۆمەتباری رووداوەكەی گەڕەكی سەروەری دەستگیر دەكرێت

کوردستان

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 694

راچڵەكین -

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتباری رووداوەكەی گەڕەكی سەروەری رادەگەیەنێت، كە بە چەقۆ هاووڵاتییەكی كوشت و یەكێكی دیكەشی بریندار كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 25-7-2025، هێزەكانی پۆلیس ئاگادار كرانەوە لەڕووداوی كوشتنی هاوڵاتییەك و برینداركردنی هاوڵاتییەكی تر لەگەڕەكی سەروەریی شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە ئەنجامدراو تەرمی كوژراوەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری كراو بریندارەكەش بەمەبەستی چارەسەركردن گەیەنرایە نەخۆشخانە.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژی بەوەكردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری تایبەتمەند، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوەو توانرا تۆمەتباری ڕووداوەكە بەناوی (ئـ، ن، م لەدایكبووی ٢٠٠٤) لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتن، دەستگیر بكرێت.

وەك لە راگەیەندراوەكی پۆلیس هاتووە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، هۆكاری ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی شەڕو دەمەقاڵێ لەنێوان تۆمەتبارو هەردوو تاوانلێكراودا، تۆمەتبار بەچەقۆ هێرش دەكاتە سەریان و لەئەنجامدا یەكێكیان دەكوژێت و هاوڕێكەشی بریندار دەكات.

لەئێستادا تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە، بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكە بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن