راچڵەكین -
سەرۆكی فەرەنسا داوا لە سەرۆكی كاتیی سووریا دەكات دانوستانەكانیان لەگەڵ هەسەدە بە نیەتێكی باشەوە بەرەوپێش بچێت و لێپێشینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەشدا بكرێت كە لە توندوتیژییەكانی ناوخۆی وڵاتەكەدا بەرپرسیارن.
ئەمڕۆ شەممە 26-7-2025، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا پەیوەندییەكی تەفەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سووریا ئەنجامدا.
سەرۆكی فەرەنسا لە پەیامێكدا لە تۆڕی (X)، ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئاشكراكرد و رایگەیاند: داوام لە شەرع كرد دانوستانەكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە نیەتێكی باشەوە بەرەوپێش بچێت، توندوتیژییەكانی ئەمدواییەی سووریاش، ناسكیی پرۆسەی گواستنەوەی بیرخستینەوە، هەربۆیە دەبێت پارێزگاری لە خەڵكی مەدەنی بكرێت.
ماكرۆن جەختی لەوەكردەوە كە زۆر گرنگە رووداوە توندوتیژییەكان دووبارە نەبنەوە، ئەو كەسانەشی بەرپرسیارن لەم توندوتیژییانە، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت بە پشتبەست بە راپۆرتی لیژنەی سەربەخۆ، لێپێچینەوە لە توندوتیژییەكانی ناوچەی كەناراوەكانی سووریا بكرێت.
سەبارەت بە دۆخی سوەیدا، سەرۆكی فەرەنسا باسی لەوەكردووە كە ئاگربەست لەو شارە، ئاماژەیەكی ئەرێنییەو ئێستا دەبێت گفتوگۆیەكی ئاشتیانە بتوانێت ئامانجی یەكخستنی سووریا بەدیبهێنێت، بە رێزگرتن لە مافەكانی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.
ئیمانوێل ماكرۆن، پابەندبوونی فەرەنسای بە پاراستنی سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی سووریا دووپاتكردەوەو رایگەیاند: لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسمان لە ئاڵوگۆڕەكان لەگەڵ ئیسرائیل كردو هەردووكمان پشتیوانی خۆمان بۆ هاوكارییەكان سەبارەت بە سەقامگیركردنی سنووری نێوان سوریا و لوبنان دەربڕی، پاریسیش ئامادەیە بۆ پشتیوانی لەم هەوڵانە.