راچڵەكین -
دوای ئازادبوونی پاش زیاتر لە 31 ساڵ بەندكردن لە زیندانەكانی توركیا، وەیسی ئاكتاش یەكێك لە هاوەڵانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتوخانەی ئیمرالی، بە دایكی شاد دەبێتەوە.
وەیسی ئاكتاش كە دوێنێ هەینی لە گرتوخانەی ئیمراڵی ئازاد كرا، بۆیەكەم جار دوای زیاتر لە 31 ساڵ، بە دیداری دایكی شادبوویەوە و وێنەیەكی لەگەڵ گرت.
ئاكتاش كە خەڵكی شاری ئامەد-ی باكووری كوردستانە، ساڵی 1993 بە تاوانی جوداخوازی و كاركردن بۆ دابڕاندنی بەشێك لە خاكی توركیا، دەستگیركرا و دوای ساڵێك، بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادرا.
دوای 11 ساڵ مانەوە لە گرتوخانەی كركالی، ساڵی 2015 لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، گواسترایەوە بۆ گرتوخانەی ئیمراڵی و تاساتی ئازادكردنی، لەپاڵ ئۆجەلاندا مایەوە.
وەیسی ئاكتاش لە رۆژی 28ی نیسانی 2024 بە گوێرەی یاسای جێبەجێكردن، ماوەی 30 ساڵ زیندانیكردنی تەواو بوو، بەڵام بە بڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێری گرتووخانەی ئێمراڵی، ئازادكردنەكەی بۆ ساڵێك دواخرا، دواجار دوێنێ هەینی 25-7-2025، لە گرتووخانەی ئیمراڵی ئازاد كرا.
