راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیركردنی دوو كەسی بەتۆمەتی دزینی 12 ماتۆڕسكیل راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی یەكەمی 2025 پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن چەند هاوڵاتیەكەوە سكاڵا تۆماركرا لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سەبارەت بەوەی ماتۆڕسكیلەكانیان لەناوشاری هەڵەبجە و دەورووبەری دزراوە، دەستبەجێ لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەست كرا بەلێكۆڵینەوە و بەدواداچوون.
ئەوەش روونكراوەتەوە، لەڕێگەی مەفرەزەكانیانەوە توانرا دوو تۆمەتبار بەناوەكانی (م. س. ح) تەمەن ۱٦ساڵ و (ی . ل . ن ) تەمەن ۲۱ساڵ دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە بەبڕیاری دادوەر دەستگیربكرێن.
وەك لەراگەیەندراوەكەی پۆلیسی هەڵەبجەدا هاتووە، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوەو بەپێی مادەی٤٤٦ ی. س.ع ڕاگیراون.