راچڵەكین-
شارەوانی سلێمانی داوا لەو لایەنە سیاسی و كاندیدانە دەكات كە پۆستەرو لافیتەكانی بانگەشەیان بەهۆی ڕەشەباوە كەوتوون و ئاستەنگیان بۆ هاوڵاتیان دروستكردووە، چاكیان بكەنەوە، بەپێچەوانەوە شارەوانی پۆستەرەكان لادەبات.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی یەكەمی 2025 سەرۆكایەتی شارەوانی لە ئاگادارییەكدا بڵاویكردووەتەوە، پاش ئەوەی لە شەوی ڕابردووەوە ڕەشابەیایەكی بەهێز شاری سلێمانی گرتەوە، بەشێك لە پۆستەر و لافیتەی داندراوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر شۆستە و شەقامەكان بڵاوبوونەتەوە و كەوتوون كە ئەوەش بووەتە جێگای مەترسی بۆ پیادەڕۆی هاوڵاتییان و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، هەروەها شێواندنی سیمای شۆستە و شەقامەكان.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت:" ئاگاداری سەرجەم لایەن و قەوارە جیاوازەكان و بەربژێران بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەكەینەوە ئەركی شارەوانیی و تیمەكانمان نییە كە پۆستەر و فلێكسەكان دەستكاری بكەن و دایان بنێنەوە، بۆیە داواتان لێدەكەین هەستن بە چاككردنەوەی پۆستەر و فلێكسەكان لەو شوێنانەی بەهۆی ڕەشاباوە كەوتوون و زیانیان بەركەوتووە، بە پێچەوانەوە لە ئەگەری بەدەمەوە نەچوونی ئەم ئاگادارییە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ هەڵدەستێت بە لابردنی سەرجەم ئەو پۆستەر و فلێكسانەی لەسەر شۆستە و شەقامەكان بڵاوبووتەتەوە."