عیراق كەمكردنەوەی خەرجییەكان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە

عێراق

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 139

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق راسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری لەبارەی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و زۆرتركردنی داهات پەسەند دەكات و بڕیاردەدات بڕگەكانی راسپاردەكە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە یەكێك لە بڕگەكان تایبەتە بە كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی سێ سەرۆكایەتییەكە.

ئەمڕۆ سێشەممە 16-12-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆیدا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، بەكۆی دەنگ راسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری پەسەندكرد، كە دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاری لەسەردرا لەپێناو زۆرتركردنی داهاتەكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا سەرجەم بڕگەكانی راسپاردەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەن ئەمەش لە چوارچێوەی كارنەكانی حكومەت لەبوارەكانی چاكسازیی ئابووری كارگێڕی.

بەگیوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، یەكێك لە بڕگەكانی راسپاردەكەی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری، تایبەتە بە كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی سێ سەرۆكایەتییەكە، سودانی بڕیاریدا پێداچوونەوەی بەپەلەی بۆ بكرێت و كاربكرێت بۆ یەكسانكردنی مووچە و دەرماڵەی سەرجەم كارمەندانی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان بە مووچە و دەرماڵەی كارمەندانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
سەرۆكوەزیرانی عیراق لیژنەی تایبەتمەندی لە وەزارەتی پلاندانان راسپارد بۆ چاوخشاندنەوە بە راپۆرتی تایبەت بە یەكخستنی پلەبەندیی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بە رەچاوكردنی ئەو راسپاردانەی لەوبارەیەوە بەرزكراوەتەوە.

یەكێكی تر لە راسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان، كەمكردنەوەی پارەی تەرخانكراوە بۆ ئیفاد بە رێژەی (90%) و قەدەغەكردنی ئیفادكردن تەنها بۆ كاری پێویست نەبێت، ئەویش بە رەزامەندی وەزیر.

لەبارەی زۆرتركردنی داهاتەكانیش، سەرۆكوەزیرانی عیراق، ئەو لیژنە وەزارییەی بەپێی بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە، راسپارد بۆ چاوخشاندنەوە بە ئەژماركردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن