بڕیارێك لە بەرژەوەندی كەناڵەكانی راگەیاندن دەدرێت

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 173

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای وەزیری رۆشنبیری، رەزامەندی دەربڕی بۆ لێخۆشبوون لە نیوەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر كەناڵەكانی راگەیاندن.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی جەمەی حەمەسەعدی، وەزیری رۆشنبیری بە نووسراوی ژمارە (1683) لە ڕۆژی (28/5/2025) داواكاری لێخۆشبوون لە بڕێكی قەرزی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی بەرز كردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (1524)ی ڕۆژی (9/12/2025) پێشنیاز و داواكارییەكەی وەزارەتی پەسند كرد و لە نووسراوەكەدا هاتووە: "ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی ٪50 لەو قەرزانەی كە كەوتووەتە ئەستۆی میدیاكان، بە مەرجێك گشت كەناڵەكان پابەند بن بە دانەوەی ئەو قەرزانە لە ماوەی یەك مانگ، لە ئەگەری پابەند نەبوونیان سزای دواكەوتن بێتە سەر قەرزەكانیان".

وەزارەتی رۆشنبیری لە نووسراوەكەیدا بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەكردبوو كە بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزی میدیای بینراو و بیستراوەكان لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە داراییەی كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و كەمبوونەوە و نەمای ئەو داهاتەی كە میدیا بینراو و بیستراوەكان پێشتر بەدەستیان دەهێنا لە ڕێگەی ڕێكلام، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ئێستا زیاتر لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە ڕێكلام بۆ كاڵاكان دەكرێت، .. هەروەها لەسەر داوای زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەكان داواكارین ڕەزامەندی بفەرموون لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (٪50) لە قەرزەكان.

بە گوێرە داتاكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، زیاتر لە 300 كەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو تۆمار كراون و لەو ژمارەیە سێ لەسەر چواریان قەرزیان لەسەر كەڵەكە بووە، بەجۆرێك لە كۆی 176 كەناڵی بیستراو، 132 كەناڵ قەرزارن و لە كۆی 126 كەناڵی بینراویش 94 كەناڵیان قەرزارن، واتە لە كۆی 302 كەناڵ، 226 كەناڵیان قەرزارن.

شێروان عەوڵا، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری، داوای لەو كەناڵانە كرد كە قەرزیان لەسەر كەڵەكە بووە، لە ماوەی مانگێكدا قەرزەكەیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە و نیوەی ئەو قەرزە بخرێتە بەر لێخۆشبوونەوە، بە پێچەوانەوە، دواتر سزای دواكەوتن دەكەوێتە سەر قەرزەكانیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن