گەرمیان.. دوو تۆمەتبار لەسەر خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی دەستگیر دەكرێن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 115

راچڵەكین -

پۆلیسی گەرمیان دەستگیركردنی دوو كەسی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، یەكێك لە تۆمەتبارەكان لە هەژمارێكی ساختەی فەیسبوك خۆی وەك ژن ناساندووە و لەو رێگەیەوە چەند پیاوێكی هەڵخەڵەتاندووە و لە بەرامبەر سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەكانیان داوای پارەی لێ كردوون.

سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە قەزای كەلار كەسێك بەپێی مادەی 2 ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە دەستگیركرا. هەروەها بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان (نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان)، تۆمەتبارێكی دیكەی دەستگیركرد، كە دانیشتووی شارۆچكەی هەریرە و بەپێی مادەی (430) لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبار لە ڕێگەی هەژمارێكی ساختەی فەیسبووك بە ناوی (Bexall Jamal) خۆی وەك ئافرەت ناساندووە و هەستاوە بە هەڵخەڵەتاندنی پیاوان، پاشان هەڕەشەی لێ كردوون و لە بەرامبەر سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەكانیان، داوای پارەی لێ كردوون و بەو شێوەیە پارەی لەچەندین كەس وەرگرتووە.

لە ئێستادا تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەیدا ناوەو لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان داوای لە هاووڵاتیانی سنوری گەرمیان كردووە، هەر كەسێك لەلایەن ئەم هەژمارەی فەیسبووكەوە هەڵخەڵەتێنراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بكات بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبار.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن