راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی لێكتێگەیشتنی نێوان یەبەشە و حكومەتی عیراق سەبارەت بە شنگال، ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: سەپاندنی واقیعێكی ئەمنی و كارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەكان، دۆخی دەڤەرەكە ئاڵۆزتر دەكات و پرۆسەی ئاساییكردنەوە لەباردەبات.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 بڵاویكردووەتەوە، داوای لە حكومەتی فیدراڵ كردووە پابەندی ڕێككەوتننامەی شنگال بێت كە لە تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كراوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك سەبارەت بە پێشهاتەكانی شنگال
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێكتێگەیشتنانە دەكات كە حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەكی تاكلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامیان دەدات. لێرەوە جەخت دەكەینەوە كە هەر هەنگاوێكی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێككەوتننامەی شنگالە كە لە تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كراوە.
بە بیر هەمو لایەك دێنینەوە كە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەهید و ٣٠٠٠ برینداری پێشمەرگە قارەمانەكان ئازاد كراوە ودەبێ ڕێز لەو قوربانی و تێكۆشانە بگیرێت.
سەپاندنی واقیعێكی ئەمنی و كارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەكان، دۆخی دەڤەرەكە ئاڵۆزتر دەكات و پرۆسەی ئاساییكردنەوە لەباردەبات. تاكە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتننامەی شنگالە؛ چونكە تاكە زامنی پێكهێنانی ئیدارەیەكی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەكە، دەستپێكردنەوەی ئاوەدانكردنەوە، و سەقامگیركردنی ئاسایشە، كە ئەمانەش مەرجی سەرەكین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شكۆمەندانەی سەدان هەزار خوشك و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین پابەندی ڕێككەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێككەوتنە سیاسی و بەرنامەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی فیدرال بێت كە لە بوارەكانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانكردنەوەدا ئەنجامی داون. ئەگەر جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵكی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەكان؛ كێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەكەیان، چونكە سەقامگیریی دەڤەرەكە و ئارامیی خەڵكەكەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێكی ترەوەیە.
وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان