راچڵەكین
د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، زانیاری نوێ لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، ئۆكسجین ناتوانێت چارەسەری ئەو توشبووانە بكات كە خانەی سییەكانیان گەیشتووەتە حاڵەتی هەوكردنی قورس، ئەگەر هاوڵاتیانیش پابەندی رێنماییەكان ببن، ئەگەری هەیە لەماوەی 15 رۆژی داهاتوو ژمارەی توشبووان زۆر كەمببێتەوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، بە كوردسات-ی راگەیاندووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەو شێوە خێرایەی ئێستا، بەهۆی نەمانی متمانەی هاوڵاتیان و ئاسایی نەبوونەوەی ژیان بوو بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ.
وتیشی:" ئەگەر ژمارەی توشبووان بەم شێوەیە روو لە هەڵكشان بێت، ژمارەی گیانلەدەستدانیش زیاتر دەبێت".
د. سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەشكرد، لەچەند رۆژی رابردوودا، 50 توشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەتەوە، وتی: ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەكان ببن، ئەگەری هەیە لەماوەی 15 رۆژی داهاتوو ژمارەی توشبووان زۆر كەمببێتەوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی باسی لەوەشكرد، لە ئێستادا هادیرۆكسی كلۆرۆكین و پلازمای خوێنی ئەو توشبووانەی چاكبوونەتەوە، وەك چارەسەر بۆ توشبووانی ڤایرۆسەكە بەكاردێت و ژمارەیەكیشان سوودیان لێی بینیوە.
وتیشی: وەك تەندروستی سلێمانی، توانامان سنووردارەو گرفتی كەمیی كارمەندمان هەیە، چارەسەركردنی توشبووانی ڤایرۆسەكەش، هەر تەنها پێویستی بە شوێن نییە، بەڵكو پێویستی بە كارمەندی تایبەتمەند هەیە، كە ئێمە لەو رووەوە گرفتی كەمیی میلاكمان هەیە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەمانی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی دەكەن، كە بەهۆیەوە چەند توشبوویەك گیانیان لەدەستداوە، د. سەباح هەوارمی رایگەیاند: ئۆكسجین ناتوانێت چارەسەری ئەو توشبووانە بكات كە خانەی سییەكانیان گەیشتووەتە حاڵەتی هەوكردنی قورس.
وتیشی:" دەبێ خەڵك ئەو راستییە بزانێت كە هەموومان تووشی كۆرۆنا دەبین و هیچ كەسێكی لێی دەرباز نابێت، رێژەی 85%ی توشبووانیش نیشانەی ڤایرۆسەكەیان تێدا نییە، بەڵام 5%ی توشبووان نیشانەی قورسیان هەیە.