راچڵەکین-
جێگری بەرپرسی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایدەگەیەنێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە ڤایرۆسێکەوە لە ناو کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی ٧ ملیار دینار زیاتر زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە و زیاتر چوار ملیۆن و نیو جوجک و مریشک مرداربوونەتەوە.
نازم عەبدوڵڵا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧-٧-٢٠٢٠ لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" ماوەیەک ڤایرۆسی نیوکاسڵ، ئابی و گەمبۆرۆ لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، هۆکاری بڵاوبوونەوەشی دەگەڕێتەوە بۆ، بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆراو جۆر کە هۆکارێکی سەرەکییە، چونکە لە کوردستان بازرگانان مامەڵەی پێوەدەکەن بە جۆرێک هەر بازرگانە و لە وڵاتێکەوە دەیهێنێتە کوردستان، کە لە هەموو دونیادا حکومەت خۆی سەرپەرشتی دەکات، بەڵام لە کوردستان و عێراق وانییە".
دەشڵێت:" ئێمە کە دەڵێن با حکومەت راستەخۆ ئەو ڤاکسینە بێنێت داوای ئەوە ناکەین بێ بەرامبەر بیهێنێت، داوا دەکەین لە کۆمپانیایەکی ناسراو بیهێنێت و بیداتە ڤێرتێرنەرییەکان دواتری بدرێتە خاوەن پرۆژەکان ئەوکاتە حکومەتی هەریمی کوردستان هەم داتاو زانیارییەکانیشی بۆ دەردەکەوێت، هەم پارەیەکی باشی دەستدەکەوێت، ئەگەر حکومەت کاری ڤاکسین لەم کەرتەدا بکات ساڵانە ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ دەفتەر دۆلاری دەستدەکەوێت و نەخۆشیش کەمتر دەبێت، چونکە یەک جۆر ڤاکسین بەکاردەهێندرێت، بەڵام ئێستا چەندین جۆری ڤاکسین هەیە، کە تانەنەت هەندێکیان شێوازی هەڵگرتنیشیان گونجاو نییە".
جێگری بەرپرسی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاماژەی بەوەشکرد:" هۆکارێکی دیکە بۆ هێنانی ئەو هێلکە تروکاوەنە دەگەڕێتەوە، کە لە وڵاتانەوە دێت و دەکرێتە جوچک، کە لەوانەیە بەشێکیان لە وڵاتانەوە بە نەخۆشی بێنە هەرێمی کوردستان و لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بڵاوبووبێتەوە".
سەبارەت بەوەی کە قسەیان لەگەڵ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆ چارەسەرت ئەو کێشەیە دەشڵێت:" لایەنی پەیوەندیدار هیچ بەڵێنێکیان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، رەنگە ئەم ڤایرۆسەش تاکو کۆتایی وەرزی هاوین و فێنکی کەشوهەوا بەردەوام بێت".