مستەفا كازمی وەڵامی نەیارەكانی دەداتەوە

عێراق

15/09/2020     ژمارەی بینراو 249

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق

راچڵەكین -

مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق راگەیاندراوێكی سەبارەت بەو ئاڵوگۆڕییانە بڵاوكردەوە كە لەهەندێك پۆستی كارگێڕیدا ئەنجامی داون و وەڵامی ئەو لایەنانەش دەداتەوە كە ناڕەزاییان بەرامبەر ئاڵوگۆڕییەكان دەربڕیوە.

كازمی، لە راگەیەنراوەكەیدا كە ئەمڕۆ 15-9-2020 بڵاویكردەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، دوێنێ زنجیرەیەك گۆڕانكاری پێویستی لەژمارەیەك پۆستی كارگێڕی گرنگ لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا ئەنجامدا، ئەو هەنگاوەش كە رەنگدانەوەی هەڵوێستی خەڵكە سەبارەت بە دروستكردنی دەوڵەت، پەرچەكرداری لەلایەن هەندێك هێزی سیاسییەوە لێكەوتەوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە، گۆڕانكارییەكان پێویست بوون و لەگەڵ رێڕەوی كارگێڕیی و یاساییدا یەكدەگرنەوە، ماوەی یاسایی هەندێك لە بەرپرسەكان كۆتایی هاتبوو، تەنانەت ماوەی مانەوەیان لە بەرپرسیارێتییان لەماوەی یاسایی خۆی زۆر تێپەڕی كردبوو.

كازمی رەتیكردەوە گۆڕانكارییەكان لە دامەزراوەكاندا بەشێوەیەكی رێكەوت بووبێت، باسی لەوەشكردووە زۆربەی ئەو كەسانەی پێشنیاز كرابوون بۆ جێگرتنەوەی پۆستەكان، هی هەمان دامەزراوەن و یاخود ئەو كەسانە پسپۆڕییان لە بوارێكدا هەیە لە دیاریكردنی كەسەكاندا، رەچاوی پاكێتی و شارەزایی و دەستەبەركردنی هاوسەنگی نیشتمانیی كراوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوڵامی ئەو لایەنانەی كە باس لە بوونی پشكپشكێنە لەو رێوشوێنانەدا دەكەن، رایگەیاندووە، ئەو لایەنانە دەبێت زانیارییان هەبێت كە بەشێوەیەكی جددی مامەڵە لەگەڵ ئەو زانیارییانەدا دەكەین، خۆ ئەگەر هەندێك هێزی سیاسی لاری نەبوونیان لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە راگەیاندوووە، مانای ئەوەیە دەستیان نەخستۆتە ناو كارەكەمان و پێی ناڕەحەت نین، كەواتە چۆن تۆمەتبارمان دەكەن كە ئەو گۆڕانكارییانەی كردوومانە پشتی بە پشكپشكێنەی حزبی بەستووە؟

مستەفا كازمی هیوای ئەوەشی خواستوە، هەموو لایەك بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ راستییەكان و ئاراستەكانی دەوڵەتدا بكەن، سەرجەم ئەو گۆڕانكارییانەش كە ئەنجام دراون، بە ئاراستەیەكی سروشتی و پێویست كراون بەمەبەستی چالاككردنی كاری دەوڵەت و كاراكردنی رۆڵی حكومەت لەپێناوی خزمەتگەیاندن بە خواستەكانی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

كازمی لە راگەیاندراوەكەیدا جەختی لەوەكردووەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك ناچنە ژێر ركێفی پشك پشكێنەی حزبییەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن