کاتێک گوێپێنەدان و بە فشە وەرگرتنی ڤایرەسێک دەبێتە مایەی کارەسات

تەندروستی

16/10/2020     ژمارەی بینراو 359

کاتێک گوێپێنەدان و بە فشە وەرگرتنی ڤایرەسێک دەبێتە مایەی کارەسات


ڕاچڵه‌كین-

لە مانگی ڕابردوو لە قاوشێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا لە ھەولێر، شایەتی سێ نەخۆش بووم، دایک و باوک و کچێک، کە نەخۆشیی کۆڤیدیان بە قورسی گرتبوو، دایکەکە لە چاودێری چڕ بەداخەوە دوای سێ شەو مانەوە گیانی سپارد، باوک و کچەکەش لەبەر قورسیی نەخۆشییەکەیان بێئاگابوون لە مردنی دایکەکە.

ھۆکاری تووشبوونیان:

وەک لە دەمی کچەکە کە بۆی باسکردم بە ھەناسەتەنگییەکی زۆر:
"دکتۆر گیان، ئێمە لە ماڵ دەرنەدەچووین، بە حوکمی ئەوەی خۆم شەکرەم ھەیە و دایک و باوکیشم تەمەنیان ھەیە و نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە، بەلام برا بچووکەکەم کە ئیشی فیتەری دەکات لە سناعە، فشە و گاڵتەی بە کۆڕۆنا دەکرد و خۆی نەدەپاراست، چەند لێی دەپاڕامەوە گوێی پبنەدەدا، شەوێکیان تایەک و کۆکەیەکی زۆری گرت و پێم ووت کە خۆی جیا بکاتەوە و بچێتە ژوورێک بە تەنیا، چونکە گومانم دەکرد تووشی کۆڕۆنا بووبێت، بەڵام بە تووڕە بوون ووتی کۆڕۆنا فشەیە و درۆیە! خۆی جیا نەکردەوە، دوای سێ ڕۆژ ئەو وەزعەکەی باش بوو بەڵام ئێمە ھەرسێکمان تووشبووین و ئەوەش وەزعەکەمانە"!

پاش دوو ڕۆژ بە داخەوە کچەکە گوێزرایەوە بۆ یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانەیەکی ئەھلیی بەھۆی نەبوونی قەڕەوێڵەی بەتاڵ لە یەکەی چاودێری چڕی ڕۆژئاوا.

ھاونیشتمانی ئازیزم...

بەڵێ کۆڕۆنا ٪٨٠ بە شێوەیەکی سووک دەبێت، گێڕانەوەی چیرۆکەکە بۆ ترساندن و خوانەخواستە دروستکردنی دڵەڕاوکێ نییە، بەڵام ئەم چیرۆکانەش ھەن کە دەشێ کۆڤید-کۆڕۆنا ببێتە ھۆی ئافات و کارەسات بۆ کەسانی پیر و نەخۆش و تەنانەت گەنجانیش!
بۆیە بۆ سەلامەتیی خۆشەویستانت و بۆ ئەوەی نەبیتە ھۆکاری مردنیان، تکایە پابەندی ڕێنماییەکان بە، بە بەستنی ماسکێک تۆ خۆت و کەسانی تریش دەپارێزیت.

د زانا دزەیی- پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن