ئەمریكا هۆشداری لە فرۆشتنی چەك بە ئێران دەدات

جیهان

18/10/2020     ژمارەی بینراو 54

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

راچڵەكین -

ئیدارەی ئەمریكا پەیامێكی هۆشداری ئاراستەی ئەو وڵاتانەی جیهان دەكات كە بەنیازن مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی چەك لەگەڵ ئێران دەستپێبكەنەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، ئەم كارە پێشێلكردنی بڕیاری ئاسایشی نێودەوڵەتییەو دەبێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتێكی ئاشتیخوازی وەك ئیسرائیل.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیامێكدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك بە ئێران درێژ بكاتەوە، كە كە ئەمڕۆ 18-10-2020 وادەكەی تەواو دەبێت، وتیشی:" فرۆشتنی چەك بە ئێران، هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی ئاشتیخوازی وەك ئیسرائیل زیاتر دەكات".

پۆمپیۆ هۆشداری بەو وڵاتانە دا كە بەنیازن سەرلەنەوێ مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی چەك لەگەڵ ئێران دەستپێبكەنەوە، ئەو كارەشی بە پێشێبكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەسفكرد، راشیگەیاند، هەر وڵاتێك كڕین و فرۆشتنی چەك لەگەڵ ئەو وڵاتە بكات، بەشدارە لە تێكدانی سەقامگیری. 

لەمانگی ئابی ئەمساڵ، ئەمریكا پرۆژەبڕیارێكی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری تایبەت بە قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك بە ئێران، بەڵام بڕیارەكە بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست، شكستی هێنا، كە لەكۆی 15 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنەكە، تەنها ئەمریكاو وڵاتی دۆمەنیكا دەنگیان پێدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن