مستەفا كازمی: وڵاتمان لە قەیرانی ئابووریی و دارایی رزگار كرد

عێراق

08/06/2021     ژمارەی بینراو 217

راچڵەكین –

سەرۆك وەزیرانی عیراق، دەستكەوتەكانی كابینەكەی لەبواری دارایی و ئابووری دەخاتەڕوو، دەشڵێت: سەركەوتووبووین لە دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە عیراق.

ئەمڕۆ 8-6-2021، ئەنجومەنی وەزیارنی عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی كۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە وێڕای ئاڵنگاریی گەورە، بەڵام توانیویانە ھەنگاوی گرنگ بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بنێن و وڵاتیش لە قەیرانی ئابووریی و دارایی رزگار بكەن.

سەرۆك وەزیرانی عیراق  ئاماژەی بەوەشكرد كە لەئێستادا بە جددی ھەوڵ دەدەن بۆ دانانی پلانێكی ستراتیجی بەمەبەستی خستنەوەی عیراق بۆسەر رێگای راست.

كازمی وتیشی: "دوای تێپەڕبوونی ساڵێك لە تەمەنی كابینەی حكومەت، كە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە متمانەی پێبەخشرا، دووپاتی دەكەینەوە كە عیراق دەتوانێت رۆڵی شارستانیی خۆی لەم جیھاندا بگێڕێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، راپۆرتی ساڵانە كە بەم دواییانە لەسەر ئەدای كاری حكومەت بڵاوكراوەتەوە، زانیاری ورد و روونی تێدایە كە دەستكەوتەكانی حكومەتی لە میانی یەك ساڵی تەواو لەخۆدەگرێت، راپۆرتەكە بێ لایەنانە ئەو دەستكەوتانەی تێدایە، كە حكومەت لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ تا مانگی ئایاری ئەمساڵ بەدەستیھێناوە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لەوەشكرد كە سەرەڕای كارەكایان لەبواری ئابووری و دارایی، سەركەتووش بوون لە دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە عیراق و لەئێستادا پەیوەندییەكی ھاوسەنگیان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و ھەرێمیی و نێودەوڵەتیدا ھەیە.

راشیگەیاند: پلانی چاكسازی ئابوورییمان داناوە كە بۆ یەكەمجارە لە مێژوویی عیراقدا روودەدات، ھەروەھا دەستكەوتی باشمان لە كەرتەكانی نەوت، كشتوكاڵ، پەیوەندیی و سەرچاوەكانی ئاودا بەدیھێناوە.

سەبارەت بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییش، كازمی ئاشكرایكرد كە لەچوارچێوەی ھەوڵەكانیان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییدا، دەیان گەندەڵكاریان دەستگیركردووەو رادەستی دادگایان كردوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن