فاتی كەتەلۆنییەكانی دڵخۆشكردەوە

وەرزش

27/09/2021     ژمارەی بینراو 165

راچڵەكین-

لەدرێژەی یاریەكانی لالیگای ئیسپانی، ئێوارەی دوێنێ یانەی بارسیلۆنا لە كامپ نۆ مینداری لیڤانتی كردو، دوای ماوەیەك دابڕان، جارێكی تر خەندە گەڕایەوە بۆ هاندەران و یاریزانانی ئەو یانە ئیسپانییە، كاتێك یاریەكەیان بەسێ گۆڵی بێ وەڵام لەبەرژوەندی خۆیان كۆتایی پێهێنا.

لەگێمی یەكەمی یاریەكەو بەدیاریكراوی لە خولەكی 4 دا مێمفێس دێپای لەهەوڵێكی تاكە كەسیدا لێدانێكی سزای بەدەستهێنا و هەر خۆشی سەركەوتووانە جێبەجێیكرد و گۆڵی پێشكەوتنی بۆ بارسا  تۆماركرد.
 
پاشان لوك دییۆنگی هۆڵەندی گۆڵی دووەمی بارساو یەكەم گۆڵی خۆی بە درێسی بلاوگرانا تۆماركرد.
 
لەخولەكی 81  یاریەكەدا ئانسۆ فاتی دوای 11 مانگ دووركەوتنەوە، بە درێسی لیۆنێل مێسی و لەنێو چەپڵەڕێزانی هاندەران و خانەوادەكەیەوە گەڕایەوە نێو یاریگا، ئەو یاریزانە لاوە تەنها نۆ خولەكی بەس بوو بۆ ئەوەی جێپەنجەی خۆی لەیاریەكە جێبهێڵێت و بارسای كردە خاوەنی گۆڵی سێیەم، فاتی هەر بەوە نەوەستا، بەڵكو بووە باشترین یاریزانی یاریەكەش.  

بارسێلۆنا بەم بردنەوەیە ژمارەی خاڵەكانی گەیاندەە 12 خاڵ و گەیشتە پلەی شەشەمی ریزبەندیی خولەكە، لێڤانتیش بە 4 خاڵ لە پلەی 17ـەم مایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن