" گەرمیان، دەشتی هەولێر و هەندێك ناوچەی سلێمانی لەبەردەم مەترسی وشكە ساڵی و بەبیابان بووندان"

چاوپێکەوتن

03/11/2021     ژمارەی بینراو 657

راچڵەكین-

شارەزایەكی بواری قەیرانی ئاو دەڵێت، گەرمیان و دەشتی هەولێر و هەندێك ناوچەی سلێمانی لەبەردەم مەترسی وشكە ساڵی و بەبیابان بووندان.

دكتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری قەیرانی ئاو، بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" گۆڕانكاریەكانی كەش و هەوا وایانكردووە، زۆرێك لەناوچەكانی جیهان مەترسی وشكەساڵیان لەسەر دروست ببێت."

ئاماژەبەوەشدەكات:" عێراق ساڵانە پێویستی بە 75 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، لەكاتێكدا بەنداوەكانی لەئێستادا كەمتر لە 35 ملیار مەتری تێدایە، بۆیە مەترسی وشكە ساڵی و بەبیابانبوون لەهەندێك ناوچەی عێراق لە ئارادایە."

دكتۆر عەبدولموتەلیب ڕوونیكردەوە، گەرمیان و دەشتی هەولێر و هەندێك ناوچەی سلێمانی لەبەردەم مەترسی وشكە ساڵی و بەبیابان بووندان، وتی:"لەڕووی زانستیەوە، 10 ساڵ جارێك گەر وشكە ساڵی ڕووبدات ئاساییە، بەڵام گەر بووە دوو ساڵ و سێ ساڵ كێشە دروست دەبێت."

وتیشی"هەندێك ناوچەی كوردستان بەتایبەت سنوری گەرمیان، وشك و نیمچە وشكن و گرفتیان لەگەڵ هاوسەنگی ئاودا هەیە، گەرمیان ساڵانە پێویستی بە 250 ملم تا 300 ملم باران هەیە، بەڵام ڕێژەی بەهەڵم بوون بەرزترە لەدابارین، ڕێژەی بەهەڵمبوون نزیكەی 3 هەزار ملیمە ساڵانە."

ئەو شارەزایەی بواری ئاو ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران و توركیا پابەندنین بە ڕێككەوتنە نێودەوڵەتیەكانەوە، حساب بۆ پێداویستیەكانی عێراق ناكەن لەڕووی ئاوەوە، وتی:"زۆربەی سەرچاوە ئاویەكانی عێراق لەئێران و توركیاوەیە، 50تا60%ی سەرچاوەی ئاوی عێراق لەو دوو وڵاتەوەیە، گرتنەوەی ئەم ئاوە گرفتی گەورەی دروستكردووە، وتی"عێراق ساڵانە پێویستی 75 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، لەكاتێكدا كەمتر لەو بڕە لەبەنداوەكان هەیە، هەرێمیش ساڵانە پێویستی بە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام بەنداوەكان ئەو بڕەی تیا نیە."

دكتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت پێیوایە تەنها چارەسەری قەیرانی ئاو ڕێككەوتنە لەگەڵ ئێران و توركیا یاخود سكاڵاتۆمار كردنە لەسەریان، بەڵام حكومەتی عێراق لاوازە، وتی"تەنها چارەسەر دەستگرتنە بە ئاوەوە و بەكارهێنانی ڕێگەی زانستی ئاوە لە كشتوكاڵ و ئاودێریدا."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن