هەمووشتێک لەسەر دابەشکردنی میرات لە ئاینی ئیسلامدا بزانە؟

چاوپێکەوتن

13/01/2022     ژمارەی بینراو 4290

راچڵەکین- کۆچەر عەزیز

کارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی سەرپێچی فەرمانی خوداو پێغەمبەرەکەی دەکەن و سنوری خودا و پێغەمبەر دەبەزێنن میرات دەخۆن و ستەم دەکەن ) دەخرێنە دۆزەخەوەو قورسترین سزا دەدرێن.

مامۆستا رەعد نوری ئۆمەربلی، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ راچڵەکین باس لە دابەشکردنی میرات لە نێوان کوڕ و کچدا دەکات و دەڵێت:" ئەوەی میراتی خوشکی یان برای بە هەر هۆکارێک بێت بخوات، خودای گەورە هەڕەشەی ئاگری دۆزەخی لێدەکات و پێغەمبەر(د.خ) هەڕەشەی پوشکە ئاگری لێدەکات، هەروەها ماڵەکەی توشی حەرام دەبێت و خێری لێنابینێت و پێیدەگوترێت (حق الناس) کە بەهیچ جۆرە تەوبەیەک لەسەری لاناچێت".

راچڵەکین: لە ڕووی شەرعەوە میراتی لە نێوان كوڕ و كچدا چۆن دابەشكراوە؟
م.رةعـد نوری ئۆمەربلی:
سەبارەت بە دابەشکردنی بەشە میراتی کەسی مردوو بۆ میراتگرانی مردوو، وەکو دیارە سوننەتی کەون وایە مرۆڤەکان یەک لە دوای یەکتری دەمرن و کۆچ دەکەن ئەو سەروەت و سامانەی لەدوای بەجێماوە دابەشیدەکەن بەسەر ئەو کەسانەی لە دوای لە ژیانی دونیا ماون، کەواتە میرات تەنها بۆ زیندوەکانە نەک مردوو. خودای گەورە دەفەرموێ { تِلْكَ حُدُود اللَّه وَمَنْ يُطِعْ اللَّه وَرَسُوله يُدْخِلهُ جَنَّات تَجْرِي مِنْ تَحْتهَا الْأَنْهَار خَالِدِينَ فِيهَا وَذَلِكَ الْفَوْز الْعَظِيم } سورة النساء /۱۳واتە ( میرات) سنوری خودایە بۆمرۆڤەکانی داناوە، هەرکەسێک گوێڕایەڵی خوداو پێغەمبەربێ، دەڕواتە بەهەشت و به هەموو نازو نیعمەتەکانی و هەر ئەمەیە سەرکەوتنی گەورە. 

هەروەها ئەوانەی ستەم دەکەن و میراتەکان بەش ناکەن یان لەبەشکردنی ستەم دەکەن و فێلی لێدەکەن، خودای گەورە دەفەرموێت :(وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُ يُدْخِلْهُ نَارًا خَالِدًا فِيهَا وَلَهُ عَذَابٌ مُّهِينٌ ) سورة النساء/۱٤، واتە ئەوانەی سەرپێچی فەرمانی خوداو پێغەمبەرەکەی دەکەن و سنوری خوداوپێغەمبەر دەبەزێنن (میرات دەخۆن و ستەم دەکەن) ئەوە دەخرێنە دۆزەخەوەو قورسترین سزای سەرپێچیکاران دەدرێت. لەپێش هاتنی ئیسلام، هەر کەسێک بمردایە هەمو سەروەت و سامانی دەبوە میرات، میراتەکەش تەنها بۆ پیاوەکان دەبوو، ژن و کچەکان بێ بەش دەکران لە میرات بەڵکو خودی خۆشیان دەبونە میرات و دەستیان بەسەردا دەگیرا و دەیانکردنە کۆیلەو جاریە ئەگەر خۆشیان وەریان نەگرتایە ئەوە دەیانفرۆشت وەکو کۆیلە و جاریە، کە ئیسلام هات رێزو شکۆی بۆ مرۆڤ گێڕایەوە و ژن و کچی کردەوە بە خاوەنی راستەقینەی میرات .

راچڵەکین: لە ئایینی ئیسلامدا لە نێوان کچ و کوڕ چۆن میراتی سامان و خانوبەرە و زەوی و زار کشتوکاڵی دابەشکراوە؟ 
م.رەعد ئۆمەربلی: خودای گەورە بەشە میراتی بۆسەرجەم میراتگران دیارییکردوە، لەهەمو کاتەکان ژنان بەشی زیاتر وەردەگرن تەنها لە یەک دوو حاڵەت نەبێ، ئەوکاتەی دایک و باوک دەمرن و کوڕ و کچیان لەدوا بەجێ دەمێنێ هەر کوڕێک دوو ئەوەندەی خوشکەکەی دەبات، ئایینی ئیسلامی پیرۆز حسابی هەندێک خاڵی جەوهەری کردوە کوڕەکە هیچ مافێکی بەسەر پارەی خوشکەکەیەوە نییە، بەڵام تا خوشکەکەی هاوسەرگیری دەکات دەبێ نەفەقەی بکات و لە سەر ئەوبەشەی خۆی خەرج بکات، ئینجا کوڕ دەبێ بە پارەی خۆی ژن بهێنێت و نەخت و نەفەقەی بکات، بەڵام کە خوشکەکەی هاوسەرگیری کرد کەس ناتوانی پارەکەی خەرج بکات یان لێی زەوت بکات هەروەها نەخت و مارەییش لە پیاوەکەی وەردەگرێت و نەفەقەو خەرجی و نەخۆشکەوتنیشی لە ئەستۆی هاوسەرەکەیەتی هەرکاتیش هاوسەرەکەی مرد یان لێک جیابونەوە ئەگەر کوڕی نەبوو ئەوە دووبارە بەخێوکردنی دەکەوێتەوە ئەستۆی باوک یان براکانی. ئەوە راستی بابەتەکەیە و لەسەر ئەو بنەمایە میرات بەوجۆرە دابەشکراوە.

راچڵەکین: ئایە زەوی کشتوکاڵی ( ارض الزراعة ) چۆن دابەشدەکرێت؟
م.رەعد ئۆمەربلی:
زەوی کشتوکاڵی مافی حکومەتە کە بەکێی بدات و لە کێی وەربگرێتەوە، وەکو یاسا ئەوەی لێی زانیومە، حکومەت دەیدات بەو کەسەی کە زەوییەکە زیندو بکاتەوە و سودی لێ وەربگرێت، ئینجا دەدرا بە جووتیاری ڕاستەقینە کە فەرمانبەر نەبێت و هەندێک مەرجی تر، بەڵام دەمێکەیە کار بەم یاسایە ناکرێت هەرکات کەسێک مرد حکومەت دەیدات بە ژنی مردوەکە لەدوای ئەویش دەیدات بە یەکێک لە کوڕەکانی، بەڵام دەبێ خوشک و براکانی دەستبەرداری مافی خۆیان بن، بۆ لیژنەی فەتوا لەبەرئەوەی لە واقعیدا وەکو میرات مامەڵە لەگەڵ ئەم زەوییە دەکرێت ئەوانیش حسابی میراتی بۆ دەکەن، بەڵام لە حکومەت کچ و کوڕ وەکو یەک حسابیان بۆ دەکرێت، ئینجا رای لیژنەی فەتوا وایە ئەگەر تا خاوەن زەوی لە ژیاندا مابێ لەمافی خۆی خۆشبێ بۆ کەسێک یان بیفرۆشێت و خۆی بەسەریان دابەش بکات بەهەرجۆرێک بێ دروستە، بەڵام کە مرد ئەوەی لە دوای خۆی جێبمێنێت دەبێتە میرات و وەکو میرات مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. 

راچڵەکین: ئایە مووچەی خانەنشینی کەسێک دوای مردنی دەبێتە میرات؟
م.رةعد ئۆمەربلی:
ئەوەشیان دیسان دەگەڕێتەوە بەو جۆرەی حکومەت کە چۆن دابەشیدەکات، لە هەندێ کات مووچەی خانەنشین یان شەهیدانە حکومەت دەیدات بەکەسە نزیکەکانی وەکو دایک و باوک یان هاوسەر و کچ و کوڕی مردوەکە، بۆ منداڵی مردوو تا کوڕەکە تەمەنی دەگاتە (١٨) ساڵ و کچەکەشی تاکو هاوسەرگیری دەکات، وە خێزانەکەشی تا هاوسەرگیری دەکاتەوە یان دەمرێت وە دایک و باوکی تا لەژیان ماون، لە حاڵەتێکی دیکە بۆ کەسوکاری شەهید گوێ نادرێت بەتەمەنیان لەو کاتەدا وەکو میرات دابەش دەکرێت تا ئەوکاتەی حکومەت مووچە بدات یان هەر ئیمتیازێکی تر بدرێت بەناوی مردوەکە حسابی میراتی بۆ دەکرێت.

راچڵەکین: ئایە دروستە لە رووی شەرعی ئیسلام پێش مردنی میراتدەر میراتەکەی بەش بکرێت، ئایا لەو کاتەدا شتێک هەیە بە ناوی میراتیەوە؟
م.رە عد ئۆمەربلی:
میرات ئەوکاتە پێی دەگوترێت کە کەسەکە وەفات دەکات و سەروەت و سامانی لە دوا بەجێ مابێت، هیچ شتێک نییە بەناوی میرات پێش مردنی کەسەکە ماڵ بەش بکرێت، ئەوەی دەکرێت بۆ بنبڕکردنی کێشەیە یان کەسەکە هەست دەکات دوای مردنی خۆی کچەکان لە لایەن کوڕەکانەوە بێ بەشدەکرێن، ئەوکات کەسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەری بەشێک لە ماڵەکەی دابەشدەکات بەسەر کوڕ و کچ و خێزانی و بەشێکی بۆخۆی هەڵدەگرێت بۆخەرجی خۆی، بەڵام دەبێ دادپەروەری لە بیر نەکات.

راچڵەکین: تاچەند دروستە بەشێك لە ژنان و كچان میراتەكانیان لەبەر شەرم وەرناگرن یان لە ترسی ئەوەی براکانیان حاشایایان لێبکەن و پەیوەندییان لەگەڵ بپچڕێنن؟ 
م.رەعـد ئۆمەربلی:
بەهیچ شێوەیەک نابێ بەشێک لە میراتگران بخرێنە باری ئیحراجی و توشی شەرمی بکەن، بۆ ئەوەی بێبەشی بکەن لە بەشە میرات کە خودای گەورە پێی رەوا بینیوە، بۆ نموونە پێی بڵێن، خۆشکی فڵان کچی باوکیەتی میراتی وەرنەگرت، کچی فڵان میراتی وەرگرت ئەوانیش حاشایان لێکرد دەستیان خۆشبێ بۆ کوڕی خەڵکی دەبات و هیتر، یاخود راستەوخۆ پێیدەڵێن نابێ میرات بۆ مێردەکەت ببەی، ئەگەر بیبەی خۆشکی ئێمە نیت. دەربارەی ئەوجۆرەکەسانەی سنوری خودا دەبەزێنن و گوێڕایەڵ نابن خودای گەورە دەفەرموێ: ( وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُ يُدْخِلْهُ نَارًا خَالِدًا فِيهَا وَلَهُ عَذَابٌ مُّهِينٌ ) سورة النساء /۱٤، دوو برا لە دوای مردنی باوکیان چونە خزمەتی پێغەمبەر ( د . خ ) بۆ دابەشکردنی میراتی باوکیان، دوای ئەوەی لە نێوانیان واڵەکەیانی بەش کرد، فەرمووی وانەزانن ئەوەی من لە نێوانتان بەشم کرد تەواو بوە ئەگەر شتێکتان لاماوەو باستان نەکردوە و بە نهێنی براکەی ترتان دەیخۆن ئەوە وا بزانن کە پوشکە ئاگرێکەو من دەیخە ناو دەستان، کەواتە ئەوەی میراتی خوشکی یان برای بە هەر هۆکارێک بێت بیخوات، خودای گەورە هەڕەشەی ئاگری دۆزەخی لێدەکات و پێغەمبەر(د.خ) هەڕەشەی پوشکە ئاگری لێدەکات، هەروەها ماڵەکەی توشی حەرام دەبێت و خێری لێنابینێت و پێیدەگوترێت (حق الناس) کە بەهیج جۆرە تەوبەیەک لەسەری لاناچێت.

راچڵەکین: ئەگەر خوشكێك یان برایەک كە باری دارایی باش بێت دەبێت میراتەکەی بداتە خوشک و براکانی؟
م.رەعد ئۆمەربلی:
زۆر ئاساییە ئەگەر بە ئارەزوی خۆی بێت و هیج جۆرە پاڵە پەستۆی لەسەرنەبێت، واباشترە بەشەکەی خۆی وەربگرێت و دواتر کام خوشکی یان برای یان دایکی باری دارایی خراپە دەتوانێت بەتایبەت سەردانی بکات و وەکو دیاری یارمەتی بدات، دەشتوانێت هەر لە سەرەتاوە وەرینەگرێت و بەسەر هەمواندا دابەشبکرێت بەمەرجێک خوشک و براکانی تری توشی ئیحراجی نەکات.

راچڵەکین: ئێستا بەشێک لە ژنان و کچانیش هاوشێوەی پیاوان ئەرکیان لەسەر شانە گونجاوە دابەشکردنی میرات یەکسان بکرێتەوە؟
م.رەعـد ئۆمەربلی:
میرات بەشکردن هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە کام کوڕ یان کچ زیاتر ئیش دەکەن یان کەمتر، بەڵام ئەوەی ژن یان کچ بەدەستی دەهێنن بۆ خۆیانەو دەتوانن نەیدەن بە هاوسەرەکانیان برایان، بەڵام ئەوکات باشنییە چونکە ماڵی من و ئەوی لێ دروست دەبێ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن