لوقمان وەردی: گۆڕانكاریی ئەوەبوو كە توركیا هێرشی كردە سەر خاكی كوردستان

چاوپێکەوتن

18/04/2022     ژمارەی بینراو 111

راچڵەكین-

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە ئەوان بەم یاسایەی ئێستاوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، دەشڵێت:" خۆ هەڵبژاردن پرسێك نییە لەدەست هێزێكی سیاسی دیاریكراو بێت بە ئارەزووی خۆی بیەوێت بیكات یان نەیكات، گۆڕانكاریی ئەوەبوو كە توركیا هێرش بكاتە سەر خاكی كوردستان".

 لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە راچڵەكین-ی راگەیاند:" لای یەكێتی بەرژەوەندی كوردستان لە یەكڕیزی هێزە سیاسییەكان و سازانی نیشتمانی دایە نەك بەكارهێنانی زۆرینەیەكی دەستكردنی ناواقیعی نییە كە سەپێندراوە بەسەر هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستاندا ، كە هیچ سودێكی ئەوتۆی بە دۆخی كوردستان نەگەیاندووە ئەگەر دۆخە سیاسییەكەی ئاڵۆزتر نەكردبێت". 

 وەردی ئاماژەی بەوەشكرد، پرسی هەڵبژاردن پرسێكی نیشتمانییە و دەبێت بە سازانی هێزە سیاسییەكان بێت، رای نەگۆڕی ئێمەش ئەوەیە كە ئەم یاسایەی ئێستا هەیە لەگەڵ دۆخی ئێستای پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان ناگونجێت و پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە یاسایەك كە ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەرچووبێت هیچ گۆڕانكارییەك لە جەوهەری یاساكەدا نەكرابێت، بۆیە دەبێت هەمواربكرێتەوە بەجۆرێك لە یاساكەدا نوێنەرایەتییەكی راستەقینەك خەڵك بكرێت و بە جۆرێك لە جۆرەكان كە هاوسەنگی لەنێوان شار و شارۆچكەكاندا بهێننیەوە كایەوە و لەسەر ئەو بنەمایە خەڵك بتوانێت هەڵبژاردن بكات و جۆرێك ئاشتبوونەوە لەنێوان خەڵك و هەڵبژاردن دروستببێت".

دەشڵێت:"هەڵبژاردن پرسێكی نیشتمانییە هیچ هێزێكی سیاسی بۆی نییە ئیرادەی خۆی فەرز بكات لە ژێر هەر بیانوویەكدا بێت بەسەر هێزەكانی دیكەدا".

وەردی ئاماژەی بەوەشكرد:" لای ئێمە سێ مەبدەئی سەرەكی هەیە كە زۆر گرنگن بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن یەكەمیان سیستەمی فرەبازنەیی، دووەمیان چارەسەركردنی كورسی پێكهاتەكان بە شێوازێك كە لەلایەن هیچ هێزێكەوە ئیستیعلال نەكرێن و بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، سێیەم پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و رێكخستنەوەی لەسەر شێوازی بایۆمەتری". 

سەبارەت بەوەی كە لیزا فەلەكەدین كاكەیی، پەرلەمانتاری پارتی دەڵێت ئەم هەفتەیە گۆڕانكاری روودەدات جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتیشی:" گۆڕانكارییەكە ئەوەبوو كە شەوی رابردوو توركیا هێرشی كردە سەرخاكی كوردستان شەرێكی ماڵوێرانكەرانەی بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا سەپاند ئەمە گۆڕانكارییەكەیە".

"ئەگەر هێزێكیش بیەوێت دۆخە سیاسیەكە یان ئەو سازانە نیشتمانییەی كە پایەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەر جێگیركراوە، تێكبدات یان بیەوێت لە دەرەوەی یەكریزی نیشتمانی كارێك بكات ئەوە رێگە پێنەدراوە، ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە چەند ساڵێك پێش ئێستا كاتێك هێزە سیاسییەكان ویستیان لە پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم زۆرینە بەكاربهێین فراكسیۆنی پارتی بەبیانوی ئەوەی ئەم هێزانە لە یەكڕیزی نیشتمانی دەرچوون و دەیانوت پرسەكە پەیوەندی بە سازانی نیشتمانییەوە هەیە بە تایبەت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەڵسا بە كارێكی نایاسایی كە  پەرلەمانی كوردستانی داخست ئەگەر قەول بێت ئەمە دووبارە بكەنەوە ئەوە ئەرز و ئەوە گەز، هەروەها واقیعی سیاسی ئێستای كوردستان پێمان دەڵێت، هەرگیزا و هەرگیز كارێكی لەم شێوەیە قبوڵكراو نییە" وەردی وای وت.

لە كۆتایی قسەكانیدا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵبژاردن بە بێ سازان ناكرێت خۆ هەڵبژاردن پرسێك نییە لەدەست هێزێكی سیاسی دیاریكراو بێت بە ئارەزووی خۆی بیەوێت بیكات یان نەیكات، ئەوە پێویستی بە سازانە خۆ بەدەست فراكسیۆنی پارتی نییە، بەڵێ ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت بە یاسایەكی تازە كە لە ئاست پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردەواریدا بێت، بەڵام ئەگەر بیانەویت درێژە بە یاسا كۆنەكان بدەن نەخێر ئێمە لەگەڵی نین و بابەتێكە قبوڵكراو نییە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن