كێ دەستی هەبووە لە كوشتنی شیرین ئەبو عاقلە

جیهان

12/05/2022     ژمارەی بینراو 609

راچڵەكین-

رۆژنامەی "Haaretz"ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، بەپێی لێكۆڵینەوە بەراییەكانی سوپای ئیسرائیل هێشتا روون نییە كە پەیامنێری شیرین ئەبو عاقلە لە كاتی ئەنجامدانی كارەكەیدا بە گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل یاخود چەكدارانی فەڵەستین كوژراوە.

لە لێكۆڵینەوەكەدا دەركەوتووە، كاتێك شیرین ئەبو عاقلە لە شاری جەنین لە كەناری رۆژئاوا پێكراوە، ١٥٠ مەتر لە هێزەكانی ئیسرائیلەوە دوور بووە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، لەكاتی هەڵكوتانە سەر كەمپی پەنابەران لە جەنین لەلایەن سەربازانی هێزە تایبەتەكانی ئیسرائیل چەندین جار تەقە كراوە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئەو گولـلەیەی بەر شیرین ئەبو عاقلە كەوتووە گولـلەی ئیسرائیل بوو یاخود گولـلەی ئەو فەڵەستینییانەی تەقەیان كردووە.

ئاماژە بەوە دراوە ئەو گولـلەیەی بەر سەری شیرین ئەبو عاقلە كەوتووە، ٥،٥٦ میلیمەتر بووە و لە چەكی جۆری M16ی ئۆتۆماتیكی ئەمریكی دەرچووە، بەڵام ئەم چەكە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلی و شانە چەكدارییەكانی كەناری رۆژئاوایشەوە بەكار دەهێندرێت.

هاوكات رۆژنامەی "Yediot Ahranot" بڵاویكردەوە، بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، داوای لە دەسەڵاتدارانی فەڵەستینی كردووە ئەو گولـلەیەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شیرین ئەبو عاقلە، بۆ لێكۆڵینەوە رادەستی ئیسرائیلی بكات.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، خانمە پەیامنێر شیرین ئەبو عاقلە-ی تەمەن ٥١ ساڵ لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل كە گولـلەی راستەقینەیان بەكارهێناوە، سەری بە سەختی بریندار بووە و پاشان گیانی لەدەستداوە.

شیرین ئەبو عاقلە رووماڵی ئەو هەڵمەتەی دەكرد كە دوێنێ سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەمپی جەنین ئەنجامی دا.

شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایكبووبوو و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانكۆی یەرموك لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری كەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو لە كەناری خۆرئاوا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن