ناسا دوو ژنە بووكەڵە رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات

هەمەڕەنگ

18/05/2022     ژمارەی بینراو 463

راچڵەكین –

ئاژانسی نیشتمانیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریكا ناسراو بە (ناسا) بڵاویكردەوە، بەمەبەستی پێوانی كاریگەرییەكانی تیشكدانەوە، بڕیاریداوە دوو بووكەڵە، كە لە شێوەی ژن درووستكراون، رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكات.

ماڵپەڕی "گیزمۆدۆ"ی تایبەت بە بڵاوكردنەوەی ھەواڵی زانست و تەكنەلۆجیا، بڵاویكردووەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئارتمیس، كە ئامانج لێی ناردنی مرۆڤە بۆ سەر مانگ لەساڵی 2025، ناسا بڕیاریداوە ئەم ھاوینە دوو بووكەڵەی لێكچوو كە شێوەی جەستەیان وەكو جەستەی ژن دروستكراوە، رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكرێن.

ئەوەش راگەیەندراوە، دوو بووكەڵە لەیەكچووەكە، كە بە ناوەكانی ھێلگا و زۆھار-ە و لەلایەن ناوەندی فڕۆكەوانیی ئەڵمانیا كە ھاوبەشی ناسایە دروستكراوە، زانیاریی لەسەر دۆخی خانمان تۆماردەكات كە تیشكەكانی بۆشایی ئاسمان زیاتر كاریگەرییان لێدەكات.

ئێسك، شانە نەرمەكان و ئەندامەكانی دیكەی جەستەی ھێلگا و زۆھار، لە ماددەیەك درووستكراوە رێك وەكو ئەندامەكانی جەستەی خانمێكی پێگەیشتووەو زیاتر لە 10 ھەزار ھەستەوەری ناچالاك و 34 ئامێری دیاریكردنی تیشكی چالاك لەخۆدەگرن.

لە ماوەی گەشتی دوو بووكەڵەكە، كە شەش ھەفتە دەخایەنێت، لێكۆڵینەوە دەكرێت لە بەركەوتنی تیشك كە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، بە تایبەتی لای ئەو خانمانەی كە دەچنە بۆشایی ئاسمان زیاد دەكات و ئەم لێكۆڵینەوەیە ھاوكاری كارەكانی ناسا دەكات كە ماوەیەكی زۆرە ئامانجیانە مرۆڤ بۆ سەر هەسارەی مەریخ بنێرن.

لە رێگەی گەشتی ئەزموونیی ناسا كە ناوی ئارتمیس-١ی لێنراوە، لە ماوەی ئەمساڵدا كەشتیی ئاسمانیی ئۆریۆن لە ناوەندی بۆشایی ئاسمانی كێنێدی لە ویلایەتی فلۆریداوە گەشتێكی ئەزموونی بە مەبەستی سووڕانەوە بە چواردەوری مانگدا ئەنجام دەدات.

ئەگەر كارەكان بەپێی پلان بەڕێوەبچێت، ئەوا بۆ یەكەم جار لە دوای ئاپۆڵۆ 17 لە ساڵی 1972وە ئەركی ئارتمیس-3 لە ساڵی 2025دا مرۆڤ بۆسەر مانگ دەگوازێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن