ئەنتۆنیۆ گوتیرێس: خۆشحاڵم بە دامەزراندنی سندوقی قەرەبووكردنەوەی گۆڕانی ئاووهەوا

جیهان

20/11/2022     ژمارەی بینراو 121

راچڵەكین-

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە گەیشتنە رێككەوتن بۆ دابینكردنی هاوكاریی دارایی بۆ ئەو وڵاتانەی گۆڕانی ئاووهەوا كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەریان.

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە كۆتایی ٢٧ھەمین كۆنفرانسی باڵای جیھانیی ئاووھەوا "COP27" كە لە شاری شەرەمشێخ لە میسر بەڕێوەچوو، جەختی لەوە كردەوە، لە لووتكەكەدا، "هەنگاوێكی گرنگ نرا بەرەو دادپەروەری".

گوتیرێس پەیامی ڤیدیۆیی خۆی لە بارەی كۆنفرانسەكە بڵاوكردەوە كە یەكێك لەو خاڵانەی مشتومڕی جیددییان لەسەر بووە، داواكاری بووە بە قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئاكامی گۆڕانی ئاووهەوا دەكەونەوە لە وڵاتانی گەشەسەندوودا.

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیامەكەیدا وتی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بڕیاری دروستكردنی سندوقێك بۆ زیانەكان دەكەمەوە كە لە داهاتوودا كاری پێ دەكرێت".
گوتیرێس ووتی، بڕیاری دروستكردنی سندوقی هاوكاری بە تەنها بەس نییە: "ئەمەی لەمبارەیەوە رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئاماژەیەكی سیاسییە كە دەری دەخات زۆر پێویستە ئەو متمانەیەی لەق بووە، دووبارە پتەو ببێتەوە".

هەرچەند چاوەڕوان دەكرا كۆنفرانسەكە ١٨ی ئەم مانگە تەواو ببێت، بەڵام بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنی لایەنەكان بۆ دوو رۆژی دیكە درێژ كرایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن