داهاتی فرۆشی نەوتی عیراق بۆ مانگی تشرینی یەكەم زیاتر لە 9 ملیار دۆلار بووە

ئابوری

24/11/2022     ژمارەی بینراو 164

راچڵەكین-

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكرایكرد، مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ،  بەبەهای زیاتر لە 9 ملیار دۆلار نەوتی خاویان فرۆشتووە. 
 
وەزارەتی نەوتی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، بەگوێرەی ئاماری كۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عیراق ( سۆمۆ):" بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا گەیشتووەتە 104 ملیۆن و 831 هەزار و 120 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە نۆ ملیار و 281 ملیۆن و 647 دۆلار."
 
ئەوەش هاتووە: "تێكڕای نەوتی خاوی هەناردەكراو لە كێڵگەكانی نێوەڕاست و باشووری عیراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 102 ملیۆن و 70 هەزار و 427 بەرمیل، هاوكات هەناردەی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی كەركووكەوە بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا گەیشتە دوو ملیۆن و 417 هەزار و 893 بەرمیل."
 
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "هەر بەرمیلێكی ئەو نەوتە بە (88،539) دۆلار فرۆشراوە.
 
مانگی ئەیلوولی رابردوو، بڕی هەناردەی نەوت 98 ملیۆن و 765 هەزار و 153 بەرمیل بووە و داهاتەكەشی هەشت ملیار و 845 ملیۆن و 411 هەزار دۆلار بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن