نوێترین لێدوانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی مووچەوە

کوردستان

30/07/2024     ژمارەی بینراو 290

راچڵەكین -

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت: گفتوگۆ و هەوڵی جدی هەیە بە ئاڕاستەی رێكخستنەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و هەردوولا گەشبینین كە بە تایبەتی كێشەی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی یەكجاری و ریشەیی چارەسەر بكەین.

ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، لەشاری هەولێر، بە جیا لەگەڵ هەریەك لە ئەندەرز ویبێرگ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژكاریی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و مارتن وار، كونسوڵی گشتیی پێشووتری بەریتانیا و ئەندرو بیزلی، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی پێشووتر و كونسوڵی گشتیی ئێستای بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان،  قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆ و هەوڵی جدی هەیە بە ئاراستەی رێكخستنەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و هەردوولا گەشبینین كە بە تایبەتی كێشەی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی یەكجاری و ریشەیی چارەسەر بكەین.

قوباد تاڵەبانی لەكۆبوونەوەشی لەگەڵ بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژكاریی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، دواپێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و یەكێتی ئەوروپایان تاوتوێكرد و باس لە گرنگیی هەماهەنگیكردنی زیاتر كرا لە پرسی پەرەپێدانی سێكتەرە جیاجیاكان، ئەندەرز ویبێرگ، ئامادەیی یەكێتی ئەوروپای دەربڕی لەڕووی تەكنیكییەوە هاوكاری هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بكات.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناكانی گەنجان، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچوك كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بكرێتەوە و داواشیكرد یەكێتیی ئەوروپا بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات.

بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژكاریی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، بە گرنگییەوە باسی لەم دەستپێشخەرییەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ تواناسازیی گەنجان دەربڕی و ئامادەیی یەكێتیی ئەوروپاشی دووپاتكردەوە بۆ هاوكاریكردن لە سەرخستنی پڕۆژەكەدا.

هەردوولاش هاوڕابوون كە سەركەوتنی ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەپێدانی ئابوریی شارۆچكە و ناوچەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن