هۆکارەکانی میز ڕانەگرتن

تەندروستی

21/05/2020     ژمارەی بینراو 1196

میز ڕانەگرتن

ڕاچڵه‌كین-
هەندێک کەس بەدەست کێشەی میز ڕانەگرتەوە دەناڵێنن، ئەم کێشەیە لەهەموو تەمەنەکاندا هەیە لە منداڵیەوە بۆ گەورە و لەهەردوو ڕەگەزیشدا ڕوودەدات، هەرچەندە تاڕادەیەک کێشەیەکی باوە بەڵام زۆر کەس پێی شەرمە لای کەس باسی بکات و بۆ چەندەها ساڵ بەدەستیەوە دەناڵێنێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر کاردۆ پزیشکی نەشتەرگەری گورچیلەو میزەڕۆ دیارترین هۆكاره‌كانی میز ڕانه‌گرتن باس ده‌كات.

1-ئەم کێشەیە لە منداڵیدا و هەندێ کەس تا تەمەنی هەرزەکاری دووچاری دەبنەوە و تەنها لەشەودا ڕودەات و پێی دەوترێت خۆتەڕکردنی شەوانە کە تەنها لەوکاتەدا ڕوودەدات کە خەوتووە.

2-لە ئافرەتاندا کێشەی میز ڕانەگرتن تا ڕادەیەک باوترە بەتایبەتی دوای منداڵبوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی توانی گرژبوونی ئەو بەشەی میزەڕۆ کە بەرپرسە لە ڕاگرتنی میز بەتایبەتی لە کاتی زیادبوونی پەستانی ناوسک بەهۆی پێکەنین ، پژمین ، هەڵگرتنی قورسایی یان وەرزش .

3-لەپیاواندا بەتایبەتی لە تەمەنی سەروو چل ساڵیەوە هۆکارێکی سەرەکی بریتیە لە گەورەبوونی ڕژێنی پرۆستات و بوونە ڕێگری لە دەرچونی میزەکە بەئاسانی و لەئەنجامی پڕبوونی میزەڵدان بەهۆی کۆبوونەوەی میزێکی زۆر لەناویدا دەبێتە هۆی دەرچونی چەند دڵۆپێک میز کە جلەکانی ژێرەوە تەڕدەکات .

4- لەپیریدا بەهۆی نەمانی تەرکیز و لەبیرچونەوە کەسی بەتەمەن لە کات و شوێنی نەشیاودا میزدەکات.

5- دوای هەندێک نەشتەرگەری لە ناوچەی حەوز و میزەڵداندا وەک نەشتەرگەری شێرپەنجەی پرۆستات، نەشتەرگەری ئافرەتان .

6- چەند هۆکارێکی تر وەک بچوک بوونەوەی میزەڵدان بەچارەسەری کیمیایی شێرپەنجە یان هەوکردن، بەکارهێنانی هەندێک دەرمان ،نەخۆشی دەماری میزەڵان، بوونی بەرد لە میزەڵداندا و چەندین هۆکاری تر.

چارەسەری ئەم حاڵەتە بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێت لەبەرئەوە نەخۆشەکە دەبێت سەردانی پزیشک بکات و پشکنینی تەواوی بۆ بکرێت و ئەوسا چارەسەر بکرێت. بۆ نمونە :

بۆ میز ڕانەگرتنی شەوانە دەرمان بەکاردەهێنین و بۆ ئافرەتان نەشتەرگەری بەهێزکردنەوەی ملی میزەڵدان چارەسەرە و ئەگەر کێشەکە گەورەبوونی پرۆستات بوو ئەوا بەنەشتەرگەری پرۆستاتەکە لادەبەین یان بەدەرمان بچوکی دەکەینەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن