سوپای عێراق روونكردنەوە لەسەر كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكان دەدات

عێراق

17/02/2020     ژمارەی بینراو 100

راچڵەكین

وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق روونكردنەوە لەسەر كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكان لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەدات و رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین مافی هەموو هاوڵاتییەكە.

لیوا روكن عەبدولكەریم خەڵەف، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی عێراق، رەتیكردەوە سوپای عێراق هیچ پلانێكی هەبێت بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندەكانی ناڕازی بە زەبری چەك و توندوتیژی.

وتیشی: نە پێش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و نە لەدوای دەستبەكاربوونیشی، هێزە چەكدارەكانی عێراق هیچ نیەتێكی نییە بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكانی ناڕازی.

لیوا عەبدولكەریم ئاماژەی بەوەكرد كە دەستوری عێراق، مافی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندانی بۆ هاوڵاتیان فەراهەم كردووە، ئەو مافەش هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت لە خەڵكی زەوت بكات. 

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، حكومەتی نوێی عێراق بەنیازە لەدوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و دەستبەكاربوونی، هێزە چەكدارەكان راسپێرێت بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی، كە زیاتر لە چوار مانگە لەبەغداو زۆربەی شارەكانی باشووری عێراق بەردەوامەو تائێستاش سەدان كوژراوو هەزاران برینداری لێكەوتووەتەوەو بەسەدان خۆپیشاندەرو چالاكوانی مەدەنیش دەستگیركراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن