سەعدی پیرە باس لەكێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەكات

چاوپێکەوتن

23/07/2020     ژمارەی بینراو 1330
nohttps://www.facebook.com/Rachlaken/videos/275411953759159

راچڵەكین-

 ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:" كۆبوونەوەی ھاوسەرۆكمان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانی بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی كێشەكان زەرور بوو." دەشڵێت:" پێشبینی دەكەین لەماوەیەكی كورتدا كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامبدرێت."

چەند رۆژێكە نیگەرانییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەریان هەڵداوتەوە و باس لە بەشداریی نەكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و پرسی كشانەوەی ئەو حزبە لە حكومەت دەكرێت، لەوبارەیەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژە بەوە دەكات:" هەموو لایەنێكی سیاسیی نیگەرانی خۆی دەبێت بەهۆی ئەوەی كە كۆمەڵێك كێشە و گرفت هەیە كە پێویستییان بەچارەسەركردن هەیە."

پیرە، دەڵێت: "هیچ لایەنێكی سیاسیی نییە لە هەرێم، عێراق و وڵاتانی دیكەیش نیگەرانیی نەبێت، ئابووری هەرێم ئیعتیماد لەسەر نەوت دەكات، نرخی نەوت لەبەر دۆخی كۆرۆنا لە ١٠٠ دۆلار دابەزیووە بۆ ٢٠ دۆلار كە ئەمە ئەزمەیەكی مالی دروست كردووە، هەروەها ئێمە موكەلەفین كە سەری مانگ مووچەی خەڵك بدەین، كەموكوڕیەك لەو میزانییە هەیە كە بۆ مووچەی خەڵك تەرخان دەكرێت، لەگەڵ عێراق كێشەیەكمان هەیە لەسەر ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە نێوانمان پێنج تا شەش كیلۆمەترە و تیرۆر لەوێ هاتوچۆ دەكات، گرووپەكانی سەربە داعش زیندووبوونەتەوە، هەڵسوكەوتی حەشدی شەعبی لە هەندێك ناوچە، بۆیە ئەگەر لە حاڵەتێكی وا نیگەران نەبین، ئەی كەی نیگەران بین".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت: "بە دڵنیایی-یەوە جۆرێك لە گرژی هەبووە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە كۆبوونەوە پێویستەكان دوابخرێت، هەندێك لە هەڵوێستەكانی پارتی نائیجابی بوون بەرامبەر بە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی، ئەمانە هەمووی پێویستی بە بەدواداچوونە، كۆبوونەوەی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ (مەسعود) بارزانی زەرور بوو بۆ دەستپێكی كردنەوەی هەندێك گرێ كوێرە كە رێگربوون لە بەردەم چارەسەركردنی كێشەكان و پێشبینی دەكەین لە ماوەیەكی كورتدا كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچ كاتێك دیاریی نەكراوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت:" هەموولایەك نیگەرانن لەم دۆخەی هاتووەتە پێش و پێشی وایە كە باشترە نەوت رادەستی بەغدا بكرێت و لەبەرامبەردا گرەنتی ناردنی میزانییەی هەرێم بكرێت و گوتی: "خیلافاتێكی زۆر هەیە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەموومان لەم دۆخە نیگەرانین، بەڵام هەندێك لە ئێمە پێی وایە چارەسەركردنی كێشەی دارایی بەجۆرێك دەكرێت، هەندێكی دیكە پێی وایە بە جۆرێكی دیكە دەكرێت، ئێمە پێمان وایە، نەمانتوانیووە مۆفەق بین لە فرۆشتنی نەوت و رادەستی عێراقی بكەین، بەڵام لەبەرامبەردا، عێراق گرەنتی ئەوە بدات كە میزانییەی تەواو بنێرێت و ئەمە كێشەی رۆژانەی خەڵكە، جاری وا هەیە ئەم ناكۆكییانە پەل دەهاوێژێت بۆ ناو حكوومەت و پەرلەمان و زۆرجار هەبووە گفتوگۆی جیددی هەبووە و ئەكید ئەمە لەنێوان سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی هەیە".

سەعدی ئەحمەد پیرە، لەبارەی تێروانینی بۆ ئایندەی ئەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "من بە گەشبینی لەدایك بووم و پێویستە هەراسان نەبین، بۆ هەر كێشەیەكیش چارەسەر هەیە".   

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن