بە كورتی چەند ڕاستیەك دەربارەی پرساندن

ئومێد خۆشناو


23/09/2020

پڕۆسەی پرساندن لە كاری پەرلەمان یەكێك لە كارە ئاسایی و یاساییەكانە، لە كوردستانیش ڕێكارو پڕۆسەی پرساندن لە پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی ڕێگەی ئسوڵی و ڕێچكەی پەیڕەویی خۆی هەیە.

بەڵام بەداخەوه ئەو بابەتەش وەك زۆر بابەتی تری كوردستان خەریكە دەشێوێنرێ!.

فراكسیۆنی پارتی وەك گەورەترین فراكسیۆن، بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ ڕۆڵ بینینی پەرلەمان و كارابوونی پەرلەمان و پەیوەندی بەهێزی نێوان دامەزراوە دەستورییەكانە، هەڵبەت كەس ناتوانێت نكوڵی لەوە بكات، فراكسیۆنی زۆرینە بەشی شێری باشی و خراپیەكانی بەر دەكەوێ، ئێمەش بەوە ڕاهاتووین و خەڵكیش شاهێدە، لەبەرپرسیاریەتی ڕاناكەین و تەحەمولی مەسئولیەتی خۆمان كردووەو دەكەین.

ئەوانەی دەڵێن دەسەڵات لە پەرلەمان دەترسێ، یان هیچ لە مانای هێزی زۆرینە ناگەن، یان ئەوەتا خۆیان و خەڵك دەگەوجێنن.

بۆیه ئێمە زۆر ڕاشكاوو ڕاستگۆ بووینە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكومەت و لەگەڵ ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن، هەڵبەت هەموو لایەك ئەو ڕاستییە دەزانن كە لە پڕۆسەی پرساندن و وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت، پێویست بە ٧٤دەنگ لە كۆی ١١١ دەنگی پەرلەمان دەكات، بۆ ئەوەش هەموولایەك ئەوە دەزانن، ٧٤ دەنگ بەدەستهێنان لەسەرووی موستەحیلاتە!.

لەبەرامبەردا، جگه لە سەرۆك وەزیران، ئەندامانی كابینە پێویستی بە ٥٦ دەنگ هەیە، ئەو ڕاستییەش هەموولایەك دەزانن بەدەستهێنانی ٥٦ دەنگ بۆ فراكسیۆنی پارتی یەكێك لە ساناترین كارەكانە، بەڵام پەنامان بۆ نەبردووەو ئەگەر ناچاریشمان نەكەن پەنای بۆ نابەین!.

هەڵبەت ستراتیژیەتی ئێمە ئەوە بووە، زۆرینەی پەرلەمانی پارتی لەپێناو ئارامی و خۆشگوزەرانی و حوكمڕانییەكی باش و هاوئاهەنگی و هەماهەنگی و كاری باش و باشتر سەرف بكرێ و هەر واش دەكەین.

ئاخر ئەوە كەی لۆژیكە، ئێوە دەنگی پێویستان له پەرلەمان نەبێ و ئێمە زۆرینە بین، كەچی ئێوە بە ئێمە بڵێن لە پەرلەمان دەترسن؟.

ئێوەو ئێمەو خەڵكیش باش دەزانین، ئێمە لە پەرلەمان ناترسین و بەڵكو خودانی پەرلەمانین، ئەوە ئێوەن وەك كەمینە دەبێ لە شكۆ و هەیبەتی پەرلەمان و ڕاستییەكان بترسن كە، هەمیشه ترساون و لەبەرامبەردا دەست و پەنجەتان لەگەڵ چەواشەكاری نەرمكردووە.

كە دەڵێین هۆكارەكانی ئێوە باسی دەكەن، ئەو هۆكارگەلانەن لەسەرووی ئیرادەی دامەزراوەكانی كوردستانن و بۆ پڕۆسەی حوكمڕانی و ژین و ژیانی خەڵكی كوردستان خوڵقێنراون و باوەڕیشمان وایە، هێزی مەنتق بەسەری زاڵ دەبێ و چارەسەری بەشی زۆری گرفتەكان دەكرێ و لەمپەرەكان تێكدەشكێنرێن.

دوێنێ و ئەمڕۆو ئایندەو خەڵكی كوردستان شاهیدی نێوانمان دەبێ....
ئومێد خۆشناو 
سەرۆكی فراكسیۆنی پ.د.ك