بەهرۆز گەڵاڵی
24 خولەک پێش ئێستا
پەیامە سەربازییەكەی سەرۆكوەزیران عێراق، زەیدی، جگە لە ئامانجە خراپەكەی و لە ناوەرۆك و شێوازی ئاڕاستەكەی، نیعمەتە گەر سەركردایەتی كورد بتوانێت لەوە تێبگات، هێشتا دۆخی دیموكراتی و كورد لەچاوی برا عەرەبەكان چۆنە.
نیعمەتە گەر لەوە تێبگەین پێش ئەوەی هەموو شتێك لەدەستبچێت، پەلە بكرێت لە خوێندنەوەی واقیعی دۆخەكە و خۆئامادەكاری بكرێت بۆ خراپترین ئەگەر و رووبەرووبونەوە.
بەڵاو نەگبەتیشە، گەر لامان وابێت، لە دەرەوەی كورد كەسانێك هەن لە كورد زیاتر دۆست و خەمخۆری پرسەكەیەتی، خراپترین تێگەیشتن لەم دۆخە ئەوەیە، كورد چاوەڕێ بكات و لای وابێت كە دەستێكی غەیرە كوردی زیاتر داناتر و مشورخۆرترە لەو هەموو تواناو دڵسۆزییەی لەناو كورد خۆیدا هەیە.
ئەوەی ئێستا زەیدی كردویەتی و رایگەیاندووە، كردنەوەی دەرگایە بە رووی ئاڕاستە شۆڤینی و دژەكورد، هەوڵێكە كە دواتر لە ترسی شەقامی عەرەبی هیچ بەرپرسێكی دوای خۆی، بەهۆی هەڵەكانی خۆمانەوە ناتوانێت لێی پەشیمان بێتەوە، گەر خراپتریش نەیەتە پێشەوە.
پێویستە لەم بارو دۆخەدا، هێزە نیشتمانییەكان دەست بنێینە ناو دەستی یەكتر و یەكدەنگ و یەكهەڵویست لە كردار و گوتار دژی ئەم سیاسەتە شۆڤینیەی زەیدی بوەستینەوە، بەڵام دەبێ ئەمەش بڵێم، ئیستا كاتی نواندن و كاری پۆپۆلیستی نییە، وتاری توندی میدیاكان چارەسەری كێشەكان ناكات، ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە كێ خۆی لەهەموو كەس زیاتر بە دڵسۆزی كورد و كوردستان دەزانێت، دەبێت بیری لای كورسی و پۆست و بەرژەوەندییەكانی نەبێت، ئەمڕۆ رۆژی مەحەكە بۆ راستیی هەڵوێستەكان، بەڕاستی نەخوێندنەوە بۆ واقیع، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تاك و حزبی، عینادی سیاسی، ئەم دۆخەیان دروست كرد و ئەمەش ئەنجامەكەیەتی.